سوودانى لە سلێمانى: هیوادارم بەخێرایی حکومەت پێکبهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد شیاع سوودانى لە کوبوونەوەى لەگەڵ سەرۆکى یەکێتى لە سلێمانى هیواى خواست بە "خێرایی حکومەت پێکبهێندرێت"، ئامادەیی حکومەتەکەى پێشاندا بۆ ئەوەى رۆڵ لە نزیککردنەوەى تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکان ببینێت.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتیمانى کوردستان بڵاوکردەوە کە لە شارى سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش تێیدا بەشدار بوو. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە؛ پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و دۆخى ناوچەکە تاوتوێکراوە.
 
سوودانى رایگەیاندووە پێشهاتێکى دیکە لەبەردەم لایەنە براوەکانى ھەڵبژاردنى هەرێمى کوردستانە کە بریتییە لە لێکتێگەیشتنەکان بۆ پێکهێنانى حکومەت و هیواى خواستووە بە "خێرایی بکرێت"، ئامادەی حکومەتى فیدراڵیشی پێشانداوە بۆ ئەوەى رۆڵ ببینێت لە نزیککردنەوەى تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکان.
   
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سوودانى رایگەیاندووە؛ لەو کۆبوونەوەیەدا بافڵ تاڵەبانی، پەرۆشى خۆى بۆ خێرا پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشانداوە بەمەبەستى جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى. پاڵپشتى هەوڵەکانیشى کردووە بۆ هێنانەکایەى تێڕوانینێکى هاوبەش لەنێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کورستان بە ئامانجى هێنانەکایەى هاوسەنگى و سوودبینینى زیاتر لە وەبەرهێنانى سامانى نەوت دا.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13ـی شترینى دووەمی 2024) محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانى، سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و چەند لایەنێکى سیاسیی کۆبووەوە.
 
مووچە و نەوت و پێکهێنانى حکومەت و دۆخى ناوچەکە، گرنگترین ئەو پرسانە بوون کە لە بارەیەوە گفتوگۆى کردووە.