حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک بۆ هاونیشتمانییان: رۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک لە پارێزگاکە کۆبوونەوە و داوایان لە هاونیشتمانییان کرد رۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە پارێزگاکە و بەشداری لە پرۆسەکە بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13-11-2024، حیزبە کوردستانییەکانی پارێزگای کەرکووک لەسەر "داوای مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان" لە بارەگەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و د. سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.
 
لە کۆبوونەوەکە "گفتوگۆی چڕ" کرا  لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری، بڕیار و راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و جەخت لە چەند خاڵێک کرایەوە و داوا کرا کاری زیاتر بکرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژانى 20 و 21 ى ئەم مانگە سەرژمێرىی گشتى دانیشتووان دەکرێت، یەکەم جارە لە دواى 38 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە یەک کاتدا بکرێت.  
 
حیزبە کوردستانییەکانی پارێزگای کەرکووک داوایان لەو هاونیشتمانییانە کرد کە لە دەرەوەی سنووری پارێزگاکە دەژین، رۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە پارێزگاکە و بەشداری لە پرۆسەکە بکەن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە کە "پێویستە سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و تەواوی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم[ی کوردستان] لەپێناو پاراستنی مافی پێکهاتە رەسەنەکانی پارێزگای کەرکووک."
 
بڕیارە لە رۆژانی پرۆسەی سەرژمێری قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنرێت، میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەوبارەیەوە گوتی: "قەدەخەى هاتووچۆ بۆ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە کاژێر 12:00ى شەوى  19 لەسەر 20 دەستپێدەکات و کاژێر 12:00ى شەوى 21  لەسەر 22ى تشرینى دووەم کۆتایی دێت و ئەو بڕیارە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە."
 
بە گوێرەى رێنماییەکان، قەدەخەى هاتووچۆ، پیادە، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر لە نێوان  شار و قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە.