بەرێوەبەرى ئامارى دهۆک: لە هەر شوێنێک رێگری لە تیمی سەرژمێری بکرێت، پۆلیس رەوانە دەکرێت

13-11-2024
ناسر عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، کاتییان "زۆر کەمە" و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ سەرژمێری. دەشڵێت، لەماوەى کەمتر لە سێ رۆژدا زیاتر لە 17 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ببنە بژمێر بۆ سەرژمێری.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2024 رایگەیاند، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا و لە 20ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
 
چیاڤان عەبدولرەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک میوانی پۆدکاستی بەکاتی دهۆک بوو لە رادیۆی رووداو، رایگەیاند، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ پرۆسەی پەروەردە دروست نەبێت، پێشنیازکرا، دەرچووانی دانەمەزراو بکرێنە بژمێر بۆ ماوەی دوومانگ و مانگانە بە 250 هەزار دینار.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک سنووری پارێزگاکە پێویستی بە نزیکەی پێنج هەزار بژمێرە، بەڵام نزیکەی 17 هەزار کەس بەشێوەی ئۆنلاین فۆرمیان پڕکردووەتەوە. 
 
چیاڤان پێی وایە، ئەو ژمارەی زۆرەی پێشکەشکردنی فۆڕمی سەرژمێری "ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵک بێکارن."
 
لەبارەی خولی راهێنان بۆ بژمێرەکان، چیاڤان عەبدولڕەزاق گوتی، "خولی راهێنانی بژمێری پێویستی بە حەوت رۆژە، بەڵام ئێمە بەناچاری کردوومانە بە دوو رۆژ بۆ ئەوەی بەزووترین کات راهێنان تەواو بکەن و ئامادەبن بۆ پرۆسەی سەرژمێری." گوتیشی: "راهێنانی نزیکەی پێنج هەزار کەس لەماوەی دوو رۆژدا تەنیا بە گوتن ئاسانە" 
 
چیاڤان عەبدولڕەزاق دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی سەرەتا دیارنەبوو کە هەرێمی کوردستان بەشداری سەرژمێریی گشتیی دەکات یان نا، بۆیە پرۆسەکە لەچاو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەرێمی کوردستان مانگێک درەنگتر دەستیپێکرد."
 
دوای 37 ساڵ بۆ یەکەمجار سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە یەک کاتدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت، "پێشبینى دەکەم ئەمە کۆتا سەرژمێرى بێت لە عێراق و هەرێمى کوردستان کە بەشێوەی مەیدانی بکرێت، لەمەودوا حکومەت و دەزگاکان دەبنە ئەلیکترۆنى، زانیارییەکان بەئاسانی دەست حکومەت دەکەون".
 
لەکاتی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، لە چەند شوێنێک لە دهۆک، ئاستەنگ بۆ کارمەندانی سەرژمێری دروستبوو، چیاڤان عەبدولڕەزاق دەڵێت، "لە هەندێک شوێن دەمەقاڵێ لەنێوان خەڵک و کارمەندانی ئێمە دروستبوو، نابێت خەڵک رێگری لە تیمی سەرژمێری بکات و ئاستەنگی بۆ دروست بکات، چونکە ئەمە سەرژمێرییە و خۆ هەڵبژاردن نییە."
 
"بەگوێرەی یاسا، خەڵک ناچارن خۆیان تۆمار بکەن و ئەگەریش لە هەرشوێنێک رێگرییان لێبکرێت، بەگوێرەی یاسا تیمی پۆلیس دەچنە شوێنەکە." بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک وای گوت
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت، لە رۆژانی 16 بۆ 19ی ئەم مانگە، هەر بژمێرێک 100 بۆ 120 ماڵی بۆ دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی سەردانی بکات و زانیارییە سەرەتاییەکانیان لێ وەربگرێت، رۆژی 20 و 21ی مانگیش دیسانەوە دووپات لە زانیارییەکان دەکرێنەوە و بەوردی هەمووی تۆمار دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک لەبارەی ئەو خێزانانەی کە کەسێک یان چەند کەسێکی نیڤشکانیان هەیە، دەڵێت، "ئەو خێزانانەی کە نابینان یان کەڕولاڵن، دەکرێت ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیان زانیاریی پێویست بداتە سەرژمێرکاران، هەروەها تەنانەت زانیاری لەبارەی ئەو کەسانەش تۆمار دەکرێت لە هاوژینەکانیان تۆراون و لەماڵی باوکیانن.
 
نزیکەی 250 هەزار ئاوارەی نێوخۆیی و پەنابەری سووریایی لە سنووری پارێزگای دهۆکن. چیاڤان عەبدولڕەزاق دەڵێت، بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، ئاوارەکان هەر لێرە توماردەکرێن، بەڵام شوێنى نیشتەجێبوونی رەسەنیان دەنووسرێت بەگوێرەی سەرژمێرى 1957 تۆماردەکرێن. پەنابەرەکانیش هەموویان وەکو کوچبەر تۆمار دەکرێن و زانیاریی تەواویان لێوەردەگرێت."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نمایشێکی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.