لە ئامێدی دوو رۆژ فێستیڤاڵی تەحین دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی دەڵێت، سبەی دووەمین فێستیڤاڵی تەحین دەستپێدەکات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم هەکار حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی بەڕێوەدەچێت. زۆر باش خۆمان ئامادە کردووە و هەموو کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی گوتیشی، "ئەمڕۆ لە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 04:00ی ئێوارە خاوەن ئاش و بەرهەمەکان دەتوانن بەرهەمەکانیان ببەن بۆ نێو کەپرەکان و ئەو شوێنانەی دیکەی بۆیان تەرخانکراوە."
 
وەکو هەکار ئامێدی باسی لێوەکرد، 60 کەپر بۆ پیشاندانی بەرهەمەکان ئامادە کراون، 22 کەپر بۆ تەحین دەبن و ئەوانی دیکەش بۆ کاری دەستی، خواردنی کوردەواری و بەرهەمی دیکەی خۆماڵی.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا تەحین، هەنار، هەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و بەرهەمی دیکە نمایش دەکرێن.
 
ساڵی رابردوو لە 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو.
 
تەنیا لە قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە کە نزیکەی 240 تۆن تەحین بەرهەم دەهێنن.