لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکە برینداربوون.
نیوەشەوی رابردوو، لەسەر رێگەی سەرەکیی چەولیگ - ئامەد لە باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا شوفێرەکە گیانی لەدەستدا و شەش سەرنشینەکەی برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای چەولیگ هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی شوفێری ئۆتۆمبێلەکە گەڕاندەوە کە بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووبوو.
هەر شەوی رابردوو، لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی داراخێنێ و ناوەندی پارێزگای چەولیگ، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە شوفێرەکەی گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکە برینداربوون.
9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 9 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو؛ بەو هۆیەوە دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
ساڵی 2022ش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندارببوون.