پێشبینی دەکرێت بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و لە هەولێر لافاو دروستبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە سبەی سێشەممەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبێت و باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، شەپۆلی بارانبارین رۆژی چوارشەممە فراوان دەبێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و مەترسی لافاو لە هەولێر، کۆیە و گەرمیان هەیە. بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێریش دەڵێت، لە هەولێر و کۆیە لە ئامادەباشیدان.
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی شەپۆلێکی بارانبارین بە لاوازی ناوچەکەمان[هەرێمی کوردستان] دەگرێتەوە، بەڵام لە کاتەکانی شەو بۆ رۆژی چوارشەممە بارانبارینەکە بەهێز دەبێت."
ئەو کەشناسە دەڵێت، ناتوانرێت پێشبینی بۆ بڕی بارانبارینەکە بکرێت، بەڵام هەولێر، کەرکووک، گەرمیان و کۆیە لە شارەکانی دیکە زیاتر مەترسی دروستبوونی لافاویان لەسەرە.
شەپۆلەکە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. شاڵاو هیدایەت باسی لەوە کرد، "ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو هەر ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان پەڵەی نەدابێت پەڵەدەدات؛ گوتیشی، "لەم شەپۆلەدا پلەی گەرما دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشێکی "ناسەقامگیر" چەند رۆژێک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە شەوی سێشەممەوە دەستپێدەکات و رۆژی چوارشەممە کاریگەری زیاد دەبێت و بارانبارین بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند لەسەرجەمی ناوچەکان دەبارێت؛ پلەی گەرماش نزیکەی شەش پلە دادەبەزێت.
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر لەبارەی ئەگەری لافاو لە هەولێر و کۆیە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری هەولێر، دەوروبەر و قەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە 46 بنکەی فریاکەوتنمان هەیە و ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەموو ئەفسەران هەیە. هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئەوەشی پێویست بێت دەیکەین."
میراودەلی گوتی، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان کردووە و لە سبەی سێشەممەوە 24 کاژێر لە ئامادەباشیدا دەبن؛ گوتیشی، "بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی هەن و پێمان راگەیێندراوە، رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی بارانی زۆر دەبارێت، بەتایبەت رۆژی هەینی."