رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارچێوەی "رێکخستنەوەی هەیکەلی حیزب" بەرپرسی پێنج مەڵبەندی دیاری کرد کە سێ لە بەرپرسەکان، ئەندامی سەرکردایەتیشن.
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی "رێکخستنەوەی هەیکەلی حیزب" وەکو بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی دیاریکراوە و دەستبەکار بووە.
زیاد جەبار، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز بووە و لە پێنجەمین کۆنگرەی حیزبەکەشدا کرایە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی. زیاد جەبار گوتی، "ئەم گۆڕانکارییانە، رێکخستنەوەی هەیکەلی حیزبە لەدوای پێنجەمین کۆنگرە و رەنگە گۆڕانکاریی دیکەش بکرێن."
جگە لە دیاریکردنی بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی، بەرپرسانی چوار مەڵبەندی دیکەش دیاریکراون:
سالار مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 11ـی گەرمیان و ئەندامی سەرکردایەتی
مەجید حەمەئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێر و ئەندامی سەرکردایەتی
عومەر حاجی عەلی، لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزوور
تەحسین نامیق، لێپرسراوی مەڵبەندی کۆیە
رۆژی 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم، پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسند کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ