رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە پێنج هەفتەیە، شەڕی نێوان باڵی سەربازی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی فەلەستینی، لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو شاری غەززە. رۆژ دوای رۆژ ئاگری شەڕەکە زیاتر کڵپە دەکات و لە سنووری لوبنانیش رۆژانە حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە عێراقیش، گرووپە چەکدارەکان، هێرشدەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا. لێکۆڵینڤانێکی سیاسی دەڵێت، بەهۆی شەڕی غەززەوە عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە.
"ئەگەر ئێران، بزووتنەوەی حەماسی بەکارهێنابێت کاریگەرییەکانی شەڕ دەگاتە عێراق"
عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی شەڕی غەززە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق دەڵێت، "خودی شەڕەکە ئەوە دیاری دەکات، کە چ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەر کێشەکان تەنیا بریتیبن لە هەڵکشانی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و غەززە، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ناوچەکە نابێت".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت، "ئەگەر ئێران، بزووتنەوەی حەماسی بەکارهێنابێت بۆ سەرقاڵکردنی ئیسرائیل لەنێوخۆدا، کە چاوەڕواندەکرا بەهۆی بوونی چەکی ئەتۆمییەوە لە ئێران بدرێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەیپەرژێتە سەر ئەم شەڕە، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە دەگاتە عێراقیش، بەڵام ئەگەر ئەمە بەشێک بێت لە ستراتیژی ئیسرائیل خۆی، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا رێککەوتنی سەدەی واژۆکرد و ئەم شەڕە دەستپێکی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بێت، ئەمەش رەنگدانەوەی زۆری لەسەر عێراق دەبێت. لەبەرئەوەی عێراقیش بووەتە بەشێک لە ململانێ هەرێمایەتییەکان و ناتوانێت خۆیی لێ دوور بگرێت".
"فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ناتوانێت فەرمان بەسەر چەکدارە شیعەکاندا بکات"
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە بەغدا و پارێزگای ئەنبار دوو بنکەیان هەیە، هەروەها لە دوو بنکەشدا لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، کە ئەوانیش هەولێر و هەریرن.
لە سێ هەفتەی رابردوودا، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا، زیاتر لە 40 جار هێرشیانکردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. زۆربەی هێرشەکان لە عێراق، گرووپێکی چەکداریی شیعیی عێراقی کە خۆی بە "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە، لە ئەستۆی گرتووە و هەڕەشەی ئەوەش دەکات، تاوەکو بنکەکان چۆڵنەکرێن، بەردەوام دەبێت لە هێرشەکان.
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەپێی دەستوور، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە، بەڵام ناتوانێت فەرمان بەسەر گرووپە چەکدارە شیعەکاندا بکات".
ناسر هەرکی دەڵێت، "ئەم گرووپە چەکدارانە نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت، چونکە بە دڵنیایی دەستێکی هەرێمی لە پشتە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، ناسراون، بەڵام بەرپرسە باڵاکان ناتوانن رێگرییان لێبکەن".
"ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نابێت"
رۆژی 05-11-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
دوای سەردانەکە، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکاتەوە و پارێزگاری هێزەکانی ئەمریکا بکەن."
پاتێل گوتیشی، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سوودانی باسیان لە چەند پرسێکی دیکە کردووە، لەنێویاندا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ئەوەی شەڕەکە عێراق نەگرێتەوە".
یاسین تەها، لێکۆڵینڤان و شارەزای کاروباری عێراق بە رووداوی گوت، "بلینکن لە سەردانەکەیدا پەیامێکی روونی بە سوودانی داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا تا سەر بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی لە عێراق".
یاسین تەها دەڵێت، "پێویستە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و پارێزگاری لە رێککەوتنی ستراتیژیی بەغدا-واشنتن بکات، کە لە ساڵی 2011دا واژۆکراوە و دەبێت حکومەتی عێراق لەو چوارچێوەیەدا بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا بپارێزێت، چونکە هەوێنی ئەو رێککەوتنە بوو وایکرد ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە".
"سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان داوای یارمەتی لە ئێران دەکات"
یاسین تەها دەڵێت، بەهۆی شەڕی غەززەوە عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە و لایەنە شیعەکانی عێراق وەکو کەرەستەیەک بۆ شکاندنی یەکدی بەکاری دەهێنن. "دوای 20 ساڵ لە پرۆسەی ئازادی ئێستا ئەمریکا زیانمەندی یەکەمی دۆخی عێراقە و واشنتن نائومێد بووە لە بەغدا."
رۆژی 6ى تشرینى دووەمى 2023 محەممەد شیاع سوودانى گەیشتە تارانى پایتەختى ئێران. بەپێی زانیارییەکانی ئەو لێکۆڵینڤانە "سوودانی چووە داوای یارمەتی لە ئێران بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، چونکە لە ئەگەری تەشەنەکردنی زیاتری شەڕی غەززە ئەوا عێراق یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی کە پێکدادان و ئاڵۆزی تێیدا هەڵدەگیرسێت."
یاسین تەها دەڵێت، "حەماس بە ناچاری هاوپەیمانیی ئێرانە، چونکە هیچ وڵاتێکی عەرەبی پشتیوانی ناکات و سوننەکانی عێراقیش ناتوانن بە ئاشکرا پشتیوانی فەلەستین بکەن".
"هێرشەکانی عێراق، پەلکێشکردنی شەڕی غەززەیە"
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، پسپۆڕی بوارەکانی سەربازی و ئەمنی لەبارەی شەڕی غەززە و ئەگەری پەلهاوێشتنی بۆ عێراق، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "مەترسی هاتنی شەڕەکە بۆ عێراق و کوردستان هەیە، چونکە گرووپە چەکدارەکان رۆژانە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان لە بەغدا، هەولێر و ئەنبار، ئەمە پەلکێشکردنی شەڕەکەیە بۆ عێراق و کوردستان".
لەبارەی زیانەکانی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە، جەبار یاوەر گوتی، ئەگەر ئەو بۆردوومان و هێرشانە بەردەوامبن، لە چەند بوارێکدا زیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن، دیارترینیان:
- مەترسییە بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان و راگرتنی گەشتەکان کە رەنگە هەندێ کۆمپانیا گەشتەکان بە یەکجاری رابگرن.
- کاریگەریی لەسەر دەروونی خەڵک.
- کاریگەریی لەسەر بازاڕ.
- کاریگەریی لەسەر سەردانە دیپلۆماسییەکان.
"ئەگەر شەڕەکە عێراقیش بگرێتەوە هەرێمی کوردستان ناتوانێت بێلایەن بێت"
جەبار یاوەر دەڵێت، "باشترین رێگە لەبەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان بێلایەنییە و پێداگرییە لەسەر چارەسەری ئاشتییانە. دەبێت حکومەتی عێراقیش ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات، چونکە مووشەک و درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن".
بە بڕوای جەبار یاوەر، ئەگەری بوونی عێراق بە مەیدانی شەڕ دوورە. "ئەمریکا هەڕەشەی وەستاندنی هێرشی گرووپەکان دەکات بەوەی کاردانەوەی هەبێت، ئەمەشی لە سووریا کرد. بۆیە بڕوا ناکەم عێراق وەکو دەوڵەت لەو شەڕە تێوەبگلێت، چونکە عێراق هاوسنووری ئیسرائیل و فەلەستین نییە".
بەڵام عارف قوربانی دەڵێت، "بەو پێیەی کوردستان سەربەخۆ نییە، ئەگەر پڕیشکی ئاگرەکە بگاتە ناوچەکە، ناتوانێت بڵێت من حەقم بەسەر رووداوەکانەوە نییە و بێلایەن بێت".
"دوورنییە ئێران حەشد بەکاربێنێت بۆ پەلاماردانی کوردستانیش"
عارف قوربانی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر حەماس کارتی ئێران بێت، دوای حەماس، ئێران کارتی دیکەی بەدەستەوە دەبێت، حیزبوڵڵا لە لوبنان، حووسییەکان لە یەمەن، گرووپە چەکدارەکان لە سووریا و حەشدی شەعبیش لە عێراق. بۆیە بە دووری نازانم حەشد بەکاربێنێ بۆ پەلاماردانی کوردستان بە بیانووی ئەوەی بنکە و بارەگای ئیسرائیلی لێیە، وەک لە ساڵانی رابردووشدا بیبنیمان".
هەرچەندە بە بڕوای عارف قوربانی، هەرێمی کوردستان بنەمای پێشهاتی گەورە و مەترسیداری نییە، "بەڵام ئەمە راستییەکی تاڵە و نابێ بشاردرێتەوە، پارتی و یەکێتی دەیانتوانی وانەبن، بەڵام بەداخەوە نەیانکرد".
زیاتر لە مانگێکە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
ئەو شەڕە سنووری ئیسرائیل-لوبنانیشی گرتووەتەوە و رۆژانە حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیلی یەکدی دەکەنە ئامانج.
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەر غەززە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر پێگە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری کەرتە فەلەستینییەکە، هێرشی ناوبەناو لە نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان روویداون.
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل لانیکەم 68 چەکداری حیزبوڵڵا، 12 چەکداری سەر بە گرووپەکانی دیکە و 11 کەسی سڤیلی لە نێو لوبناندا کوشتووە. هەروەها شەش سەربازی ئیسرائیلی و دوو کەسی سڤیل لە باکووری ئیسرائیل کوژراون.
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی 11-11-2023، لە کاتی سەردانی سەربازەکانی لە نزیک سنووری لوبنان گوتی، "ئەگەر ئەوان ئەم جۆرە هەڵەیە لێرە بکەن، ئەوانەی کە باجەکەی دەدەن، پێش هەمووان، هاووڵاتییانی لوبنان دەبن. ئەوەی لە غەززە دەیکەین، دەتوانین لە بەیرووتیش بیکەین."
ئەو هەڕەشەیەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی شەممە، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "بە بەکارهێنانی چەکی نوێ، هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێزکردووە."
نەسڕوڵڵا گوتی، لە هەفتەی رابردووەوە، "لە بەرەی لوبنانییەوە، لە رووی ژمارەی ئۆپەراسیۆن، ئامانج و جۆری چەکەکان،" هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل "بەهێزکردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوە چەکدارە شيعە مەزهەبەکە بۆ یەکەمین جار "مووشەکی بوڕکان"ـی بەکارهێناوە، کە بەگوتەی خۆی دەتوانن "300 بۆ 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرن."
نەسڕوڵڵا گوتی، چەکدارانی حیزبوڵڵا "دەچنە ریزەکانی پێشەوە بۆ ئەوەی مووشەک" ئاراستەی ئیسرائیل بکەن و درۆنە ئیسرائیلییەکان بەردەوام بەسەر باشووری لوبناندا دەسوڕێنەوە.
لەبارەی ئەو هێرشانەشی لە لایەن حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، نەسروڵڵا گوتی، "ئەگەر ئێوەی ئەمریکی دەتانەوێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە بووەستن، پێویستە جەنگی سەر غەززە بوەستێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ