لە ورمێ هاونیشتمانییان و خاوەنی پەلەوەرخانەکانیش لە نرخی مریشک ناڕازین

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، نرخی مریشک بەرز دەبێتەوە و هۆشداریش دەدرێت لەسەر سفرەی چینی کەمداهات نەمێنێت.
 
ئێستا لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر کیلۆیەکی مریشکی زیندوو گەیشتووەتە 52 هەزار تمەن، واتە یەک دۆلار و کیلۆیەک مریشکی سەربڕاویش تاوەکو 73 هەزار تمەن هەڵکشاوە؛ نرخێک کە خاوەنی پەلەوەرخانەکان لێی رازی نین.
 
کازم سەیف حەقیقەت، بەڕێوەبەری سەندیکای پەلەوەرخانەکانی ورمێ دەڵێت، "بەم دواییانە گران بووە، چونکە دانەوێڵە، حەقدەستی کرێکار و ئەو ڤاکسینانەی هاوردەیان دەکەین، [نرخیان] بەرز بوونەتەوە. ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیەک مریشک لە پەلەوەرخانەکان 56 هەزار تمەنیان داناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانەوێڵە لەبری ئەوەی لە 40 رۆژدا بگاتە دەستمان، بە 52 رۆژ دەگاتە دەستمان، بەرهەمهێنانی مریشک لەوە زیاتری تێدەچێت بۆمان؛ بۆیە تووشی کێشەی کردووین."
 
لە 18 هەزار و 199 پەلەوەرخانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 751یان لە پارێزگای ورمێن و مانگانە سەروو پێنج ملیۆن مریشک دەخەنە بازاڕەوە.
 
ئەو ژمارەیە لە دوو مانگی رابردوودا بۆ سێ ملیۆن و 700 هەزار مریشک دابەزیوە و پەلەوەرخانەکان هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پاڵپشتی حکومەت لە بەرهەمهێنانی هێلکەی هەڵهێنان لە ناوخۆ دەگەڕێننەوە و هەروەها هاوردەکردنی لە وڵاتانەوە.
 
کازم سەیف حەقیقەت، بەڕێوەبەری سەندیکای پەلەوەرخانەکانی ورمێ باسی دەکات، "یەک لە کێشەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ هاوردەی هێلکەی هەڵهێنان لە تورکیاوە کە زیان بە خاوەن پەلەوەرخانەکان دەگەیەنێت. ئێمە خۆمان دەتوانین ئەو جۆرە هێلکەیە بەرهەمبێنین، ئەگەر حکومەت پاڵپشتیمان بکات".
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، مانگی رابردوو زۆرترین هەڵاوسان بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی پار، لە گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور بە رێژەی 82% بووە. ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەت بانگەشەی جێگیرکردنی ئابووری دەکات.
 
ئەمین دەلیری، جێگری پێشووی وەزیری ئابووریی ئێران باس لە رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیدا دەکات و دەڵێت، "هێشتا رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەمان لەسەروو 46% و سندووقی نیشتمانیی دراویش پێشبینی دەکات ئەمساڵ لە 47%دا جێگیر بێت و گەشەی ئابووریش لە 3%دا. ئەگەر ئەم ئامارانە دروست بن و دەبێت دروستیش بن، دەبێت سیاسەتەکانی حکومەت وا بن کە ئابووری جێگیر بکەن، ئەوەش بە جێگیرکردنی دراو. ئەگەر  بەرز و نزمی دراو بەردەوام بێت، دەستی دەڵاڵەکان کراوە دەبێت بۆ پشێوی دروستکردن لە بازاڕدا".
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی حکومەت، دوای گرانبوونی گۆشتی سوور، یەک لە جێگرەوەکانی ئەو پێداویستییە گۆشتی مریشک بووە لەسەر سفرەی چینی کەمداهاتی ئێران، بەڵام پێدەچێت ئەو جێگرەوەیەش، لەسەر سفرەکان نەمێنێت.