رێژەى کورد و تورکمان لە پۆلیسی کەرکووک زیاد نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

رێژەى کورد لە پۆلیسى تازە دامەزراوى کەرکووک گۆڕانکارى بەسەردا نەهاتووە، ئەوە لەکاتێکدایە کورد و تورکمان ناڕەزایەتی بەرامبەری دەردەبڕن. بە گوتەى پەرلەمانتارێکى کوردى ئەو شارە، راهێنانی ئەو خولە دەستیپێکردووە. سەرۆکى بەرەى تورکمانیش دژى کەمى رێژەى پێکهاتەکەى لەو دامەزراندنە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکات.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک رۆژی دووشەممە 13-11-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کێشەى کەمى رێژەى کورد لە دامەزراندنى نوێى پۆلیسی شارەکە، چارەسەرنەکراوە و خولى راهێنانی ئەو پۆلیسە نوێیانەش دەستیپێکردووە.
 
لەکۆى دوو هەزار و 550 پۆلیس کە لەسەر بودجەى 2023 بۆ کەرکووک دامەرزێندراون، تەنیا 350ـیان کوردن و هەمان ژمارەش بەر تورکمان کەوتووە و ئەوانى دیکە عەرەبن؛ ئەو رێژەیە ناڕەزایی کورد و تورکمانى لێکەوتووەتەوە و پرسەکەیان گەیاندە وەزارەتى ناوخۆى عێراق.
 
سەباح حەبیب ئاماژەى بەوەشدا؛ وەزارەتى ناوخۆ پێیان راگەیاندوون، ئەو رێژەیە پەیوەندیدارە بە وەرگرتنى پۆلیس بە رێگەى ئەلیکترۆنی و ئەگەر هەیە بۆ ئاییندە چارەسەر بکرێت.
 
14ـی ئەیلوولى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق دامەزراندنی 37 هەزار پۆلیسی راگەیاند، دواى ئەوەى بە شێوەى ئەلیکترۆنى داواکاریان پێشکێش بەو وەزارەتە کرد. ئەو ژمارەیە بەسەر 14 پارێزگای عێراق و کەرکووکدا دابەشکراون.
 
بڕیارە 29ـی تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک بکات کە حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى دژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق تۆماری کردووە و داوا دەکات، ئەو دامەزراندنەى پۆلیس هەڵبووەشێتەوە، بەهۆى ئەوەى رێژەى تورکمان لەو دامەزراندانە کەمترە لەو رێژەیەى رێنماییەکانى جێبەجێکردنى بودجە دیاریکردووە.