رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە کرماشان 'روو لە زیادبوونە'

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شاری سونقور تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و ژمارەشیان روو لە هەڵکشانە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە."
 
حوسێن بیگلەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پارێزگای کرماشان، رۆژی 12-11-2023 رایگەیاند، "لە شاری سونقور کە شارێکی بچووکە [لە کرماشان]، لە چەند مانگی رابردوودا 500 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون و ئەمەش ئاماری ورد و کۆتایی نییە." بەدخۆراکی، خواردنی نەگونجاو و بوونی ماددە کیمیاییەکان لەنێو ماددە خۆراکییەکاندا بە هۆکارەکانی شێرپەنجە دەزانێت، بەڵام بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری زۆربوونی شێرپەنجە لە شاری سونقور "دەبێت لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت."
 
بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2016ـی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی سونقور، بە گوند و شارەوە، 93 هەزار و 660 کەس بووە.
 
بەهمەن رەوشەنی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان بۆ کاروباری دەرمان، بەهاری ساڵی 2021 گوتی، لەو پارێزگایەدا چوار هەزار و 500 تووشبووی شێرپەنجە هەیە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 526 کەسیان خەڵکی شاری کرماشانن و ئەوانی دیکەش خەڵکی شارەکانی دیکەی پارێزگاکەن.
 
لەم ساڵانەدا ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای کرماشاندا لە هەڵکشاندا بووە، حوسێن بیگلەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پارێزگای کرماشان، دەڵێت، بە سەرنجدان بەوەی کە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەڵکشان دایە، بەرپرسانی پارێزگا و بەرپرسانی شاری سونقوریش لە هەوڵدان ناوەندێکی توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە بکەنەوە.
 
بیگلەری باس لە کێشەکانی تووشبووان بە شێرپەنجە دەکات و دەڵێت، "ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە دوو ملیۆن کەسە، بەڵام تەنیا یەک دەزگەی رادیۆتراپیی هەیە، کە زۆربەی جاریش کارناکات؛" هەروەها "دەرمان کێشەیەکی دیکەی ئەو نەخۆشانەیە و دوای چەندین ساڵ هێشتا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە."