100 خێزانی ئاوارە دەگەڕێنەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ

حەوتەمین کاروانی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگەی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
 
پیر دەیان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی شنگال دەگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان، ئەمەش دەبێتە کاروانی ئاوارەکان کە لە 10 رۆژی رابردوودا دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە شنگال.''
 
بە گوتەی پیر دەیان ئەو ئاوارانەی ئەم کاروانە دەگەڕێنەوە، 100 خێزان دەبن و ژمارەیان 493 کەسە، لە سنووری پارێزگەی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە دوو قۆناخ (ئەمڕۆ و سبەی) دەگەڕێنەوە شنگال.
 
پێش 10 رۆژ کاروانێکی دیکە کە لە 119 خێزانی ئاوارەی شنگال پێکهاتبوون، لە کەمپی شاریاوە گەڕابوونەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
 
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەکانی هەرێمى کوردستان هێنا.
 
رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانکردنی قەزاکە.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، تاوەکو ئێستا 18 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى گەڕاونەتەوە قەزاکە". 
 
بە گشتی ئەمە دەبێتە حەوتەمین کاروانی ئاوارەکان کە دەگەڕێنەوە شنگال، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگالەوە 80%ـی ژێرخانى قەزاکە و70%ـی خانووەکانى رووخاون.