رووداو دیجیتاڵ
میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان لە رۆما لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆدەبێتەوە. میری ئێزدیان دەڵێت، داوا دەکات لە حکومەتی عێراق رۆڵ بە کوردی ئێزدی بدرێت و پاپا هاوکاربێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
کۆبوونەوەکە سبەی دووشەممە کاژێر 10:00ـی بەیانی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2022، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیانی کوردستان و جیهان بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رۆمای گوت، کۆبوونەوەکەیان بۆ ئێزدییەکان "زۆر گرنگ" دەبێت.
ساڵی 1967 بۆ یەکەمجار، میر تەحسین بەگ، میری پێشووی ئێزدیانی کوردستان و جیهان سەردانی ئیتاڵیای کردووە و لەگەڵ پاپای ئەوکاتەی ڤاتیکان کۆبووەتەوە.
میر حازم گوتی، باسی دۆخی کوردانی ئێزدیی، شنگال و کوردستان بۆ پاپا دەکات. گوتیشی: "پاپا کەسایەتییەکی جیهانییە و دەتوانێت گوشار لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئێمە بۆ ئەوەی ئەوانیش گوشار لە حکومەتی عێراق بکەن؛ ئێمە دەمانەوێت دۆسیەی شنگالمان بۆ چارەسەر بکرێت."
میری کوردانی ئێزدی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان دەیانەوێت لە حکومەتی نوێی عێراقدا رۆڵ و پێگەیان هەبێت و ئەو داوایەش دەگەیێننە پاپای ڤاتیکان.
میر حازم تەحسین بەگ باسی لەوەش کرد، گفتوگۆی چەند بابەتێک لەگەڵ پاپای ڤاتیکاندا دەکات، لەوانەش ئاوەدانکردنەوەی شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق، نۆژەنکردنەوەی لالش و گەڕانەوەی ئێزدییە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. گوتیشی: "پاپای ڤاتیکان دەتوانێت گوشاربکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کوردی ئێزدیی جینۆساید نەکرێن."
میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان گوتی: "6 هەزار و 417 کەس [کوردی ئێزدی] کەوتنە دەستی داعش، کاک نێچیرڤان 3 هەزار و 562 کەسیانی رزگارکردوون؛ ئێمە زۆر سوپاسی دەکەین."
بڕیارە دوای سەردانەکەی بۆلای پاپای ڤاتیکان، میر حازم تەحسین بەگ سەردانی ئەڵمانیا بکات و دواتر بچێتە بەریتانیا و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتارێک پێشکێش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ