لەتیف رەشید سەردانی دهۆک دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-11-2022 کۆڕبەندەکە بڵاویان کردەوە کە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی عێراق بەشدار دەبێت و یەکێک دەبێت لە قسەکەرەکان. 
 
کۆڕبەندەکەی ئەمساڵ سێیەم کۆڕبەندی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەبێت و تێیدا باس لە هەڕەشە نوێیەکان و واقیعی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت. 
 
هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین کەسایەتیی دیکەی پسپۆڕ لەبواری وزە و ئاسایش لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن."
 
کۆڕبەندەکە دەڵێت، جەختیان لەسەر هەوڵەکانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ خۆبنیادنانەوە دوای بەهاری عەرەبی، شەڕە بەردەوامەکان، شەڕی داعش و گۆڕانی کەشوهەوا.