رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "لەم ماوەیەدا" لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناخەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێچییان لە هەولێر دادەنرێت و دوای ئەوە ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێندرێت کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 13-11-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەم ماوەیەدا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناخەی شووقەكانی كرێچییان لە هەولێر دادەندرێت. گوتی، "لە پارێزگاى هەولێر چوار هەزار و 100 یەکەی نیشتەجێبوون لە دوو شوێنی زۆر باشی هەولێر کە دەكەوێتە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری دروست دەکرێن."
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "لیژنەیەک كاری پاككردنەوەی ناوەكان دەكات، دوای پاكتاوكردنی ناوەكان و ئەوانەی مەرجەكانیان تێدایە، ئەوكات بەوپەڕی شەفافی و دادپەروەری و بەپێی مەرجەكان، ناوەكان به چاودێریی داواكاریی گشتی، پرۆسهی تیروپشك بۆ كرێنشینهكان بهڕێوهدهچێت و ناوەكان رادەگەیێندرێت."
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر: "دروستكردنی شووقە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی بیرۆكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانه بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی كێشەی نیشتەجێبوون و ئاوڕدانەوە لە خەڵكی هەژار، هاوکات خۆى چاودێریی وردی پڕۆسەكە دەكات و زۆر گرنگیی پێدەدات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ یەکەمجار بەردی بناخەی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.
پشکی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، شەش هەزار و 800 یەکەیە؛ پشکی پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و 200 یەکەیە؛ پشکی دهۆک چوار هەزار و 500 یەکەیە؛ پارێزگای هەڵەبجە 440؛ گەرمیان هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.
رۆژی پێنجشەممە 2ـی حوزەیرانی 2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، نرخی هەر مەترێکی دووجا لەو یەکانە، کە بۆ خەڵکی کەمدەرامەتە، لە نێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت کە ئەوەش بەگوێرەی خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: "بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بێت، قیستی یەکەکان بە 12 بۆ 15 ساڵ دەدرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ