دادوەرێک: سزای ئەوانەی کەسانی دیکە ژەهرخوارد دەکەن دەگاتە سێدارە
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆک، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و حەسەن نووری ئەندامی سەرکردایەتی لە یەکێتیی نیشتمانی کورستان ئەو سێ کەسەن کە رایانگەیاندووە ژەهرخواردکراون. دادوەرێکیش دەڵێت، سزای ئەوانەی کەسانی دیکە ژەهرخوارد دەکەن دەگاتە سێدارە.
رۆژی شەممە مەلا بەختیار دوای نزیکەی مانگێک لە وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد و سەبارەت بە زانیاری دەربارەی ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات، رایگەیاند، لە داهاتوودا زانیارییەکان ئاشکرا دەکات. گوتیشی، "ستەمێکی گەورە" لە خۆی، بافڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن کراوە.
هاوکات حەسەن نووری ناسراو بە وەستا حەسەن، کە پێشتر بەرپرسی ئاسایشی سلێمانیش بووە و یەکێکە لەوانەی ژەهرخواردکردنی راگەیێندراوە، ئەمڕۆ لە پێشوازیی مەلا بەختیاردابوو لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و قسەی بۆ رووداو کرد.
وەستا حەسەن دەڵێت، ئەو ژەهری کەمتر پێدراوە و لە ئەڵمانیا پشکنینی کردووە و جۆرەکەی جیوە بووە. گوتیشی، لە سەرکردایەتی حیزبەکەی باسی دۆخی خۆی کردووە. "تاوەکو ئێستا نازانم کێ ئەوەی پێداوم، سکاڵا لەسەر کێ تۆماربکەم؟ خۆ دەبێت بەڵگەیەک لەسەر کەسێک هەبێت ئەوکاتە سکاڵای خۆم تۆمار دەکەم و بەڵگەکانیش دەخەمەڕوو."