خێزانێکی کورد بە فێڵێک لە پۆڵەنداوە دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی کورد دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چوار رۆژ لە دارستانەکانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا و شەشجار هەوڵدان بۆ بڕینی سنوورەکە، توانیان خۆیان بگەیێننە پۆڵەندا. لەوێ بەڵێنیان پێدەدەن کە بیانبەنە کەمپێک لە نزیک پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام کاتێک سواری فڕۆکەیان دەکەن لە هەولێر دایاندەبەزێنن.
 
کامەران حەسەن، هاونیشتمانی باسی دۆخی خۆیان دەکات لەسەر سنوور و دەڵێت، پۆلیسی پۆڵەندا رێگرییان لێکردوون، بەڵام پۆلیسی بێلاڕووس پێیان گوتوون بچنە لای ئەوان و شەو بەڕێیان دەکەن.
 
کامەران حەسەن و ئەندامانی خێزانەکەی دوای گەشتێکی سەخت و بڕینی رێگەیەکی دژوار، ئێستا لە ماڵەوە لە سلێمانی دانیشتوون. دوای گەیشتنیان بە پۆڵەندا، بۆ ماوەی 3 هەفتە لە کەمپێک مانەوە و دواتر بە بەڵێنی ئەوەی کە دەیانبەنە کەمپێکی دیکە، گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەم شەپۆلەی کۆچ لە رێگەی بێلاڕووسەوە لە مانگی ئاب دەستیپێکرد؛ ئێستاش ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر کە زۆربەیان هاونیشتمانین لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس گیریان خواردووە. 
 
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتیی عێراقی ویستوویانە خۆیان بگەیێننە پۆڵەندا و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. 
 
زۆربەی کۆچبەرەکان چاویان لەوەیە بگەنە ئەڵمانیا. 
 
نووسینگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کۆچبەران و پەنابەران دەڵێت، لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 100 هەزار و 278 کەس داوای مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتە ئەوروپییە کردووە. زۆرینەی ئەو کەسانە خەڵکی سووریا و عێراق و ئەفغانستانن، بە جۆرێک 40 هەزار و 472 کەسیان خەڵکی سووریان؛ 8531 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق؛ 15 هەزار و 45 کەسی دیکەشیان خەڵکی ئەفغانستان.