دوو تەقەكەری دیكەی شەڕەكەی كەسنەزان دەستگیركران

13-11-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن کەسنەزان شەڕ
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا لەسەر سەرچۆپی لە كەسنەزان شەڕ و تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا، دوو كەس کوژران ‌و چەند كەسێكیش برینداربوون، شەوی رابردوو دوو تەقەكەری دیكەی ئەو شەڕە دەستگیركران.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە پاش هەوڵ ‌و ماندووبوونێكی زۆری هێزەكانمان، شەوی رابردوو (12-11-2018) لەناو شاری هەولێر دوو تەقەكەری دیكەی شەڕەكەی كەسنەزامان دەستگیركردن".

هۆگر عەزیز رایگەیاند "پێشتر سێ‌ تەقەكەری دیكەی هەمان رووداو دەستگیركرابوون و، شەوی رابردوو دووانی دیكەمان دەستگیركردن، ئێستاش لە لێكۆڵینەوەداین بۆ دەستگیركردنی سەرجەم تەقەكەرەكانی ئەو رووداوە".

رۆژی 9-11-2018 لە هۆڵێكی بووكگواستنەوەی هەولێر، لەسەر سەرچۆپی، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا ‌و بەوهۆیەشەوە دوو كەس كوژران ‌و چوار كەسیش بریندار بوون.

پێشتر رۆمی هەركی، کە گۆرانیبێژێكی میللییە و برای یەكێكە لە كوژراوەكان بە (رووداو)ی گوتبوو "لەو رووداوەدا نۆ كەس تەقەیان كردووە، هەموویان بە تۆمەتبار دەزانین و سكاڵامان لەسەریان تۆماركردووە".

هاوكات سەروان محەممەد هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە هاوڕێی بنەماڵەی یەكێك لە كوژراوەكانە بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "یەكەمجار نییە ئەم دوو بنەماڵەیە شەڕدەكەن، لەناو ئاهەنگی خەڵكی دیكەشدا بەشەڕهاتوون و یەكێك لە بنەماڵەكان پێشتر كچێكی خۆیان كوشتووە".


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە