کار گرووپ شەش هەزار تۆن چیمەنتۆی بۆ دووکانەکانی لەنگەی هەولێر دابینکرد

رووداو -  هەولێر

بە مەبەستی خێراکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر و گەڕانەوەی کاسبکارەکان بۆسەر کارەکانیان، کار گرووپ شەش هەزار تۆن چیمەنتۆ بەسەر خاوەن دووکانەکانی لەنگە دابەشدەکات. 

رەنگین شەرۆ، پەیامنێری رووداو لەنێو بازاڕی لەنگەی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 13-11-2018 کۆمپانیای کار گرووپ، بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری هەولێر و قایمقامی هەولێر شەش هەزار تۆن چیمەنتۆ بەسەر خاوەن دووکانەکانی لەنگە دابەشدەکات و رادەستی لیژنەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەی دەکەن.

سەبارەت بە دابەشکردنی ئەو شەش هەزار تۆن چیمەنتۆیە بەسەر خاوەن دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، حاجی رۆژ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کار گرووپ، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو کار گرووپ، لەکاتی زیانپێکەوتنی کاسبکارانی بازاڕی لەنگە، بەڕێزان شێخ باز و شێخ مەحموود داوایانکرد بێین و لێکۆڵینەوەیەک لە بابەتەکە بکەین، ئەوەبوو لەگەڵ بەڕێزان جەنابی پارێزگار و جێگری پارێزگار و قایمقامی هەولێر دانیشتن، بە هاوئاهەنگی ئەوان بڕیارماندا  بە پێدانی چیمەنتۆ هاوکاریان بکەین".

حاجی رۆژ، دەڵێت: "هاوکارییەکە ئەوەیە هەر دووکانێک بە سێ تۆن چیمەنتۆ هاوکاری دەکرێن، کە بەگشتییەکەی شەش هەزار تۆن چیمەنتۆ دەکات، بۆ ئەوەی ببینە هۆکارێک بەخێرایی هەم دووکانەکان نۆژەنبکرێنەوە و هەمیش کاسبکارەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کار گرووپ، دەشڵێت: "دەرکەوتنمان ئەمجارە لە میدیا بۆ ئەوەبووە هانی سەرمایەداران بدەین، بۆ ئەوەی کاتێک کارەساتێک دەکەوێتەوە، بە هانای هاووڵاتیانی خۆمانەوە بچین".

رۆژی 25 مانگی رابردوو لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر لەکۆی 2400 دووکان 1654 دووکانیان بەتەواوی سووتان، کە بە لەبەرچاوکردنی عەرەبانە و مێزەکانی بەردەم بازاڕەکە دەکاتە 1800 دووکان.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن