تورکیا: تەقینەوەکەی شەمزینان دەستی دەرەکی لەپشت نەبووە

رووداو - هەولێر 

وەزیری بەرگریی تورکیا دووپاتیدەکاتەوە، تەقینەوەکەی بنکەی سەربازی سونگو تەپە لە سنووری شارۆچکەی شەمزینانی سەر بە جۆلەمێرگ دەستی دەرەکی لەپشت نەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە پەکەکە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت. 

رۆژی دووشەممە (12-11-2018) هولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ شاندێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی سەردانەی ئەو بریندارانەیان کرد، کە لە تەقینەوەکەی سەربازگەی سونگو تەپە برینداربوون.



وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "تەقینەوەکە لە کۆگایەکی چەک روویداوە و دەتوانین بڵێین ئەو ئاگرەی بەھۆی گوشاری بەرزی گوللە دروستبووە، سەرچاوەی تەقینەوەکە بووە".

هولوسی ئاکار گوتیشی، بە دڵنیاییەوە هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشت رووداوەکەدا نەبووە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوای تەقینەوەکە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکە حەوت سەرباز کوژراون و25ـی دیکەش برینداربوونە.

ناوەندی راگەیاندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ـش لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامدانی تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت و ئاماژەی بەوەدا بەهۆی تەقینەوەکەوە 17 سەرباز کوژراون و 37 سەرباز بریندارن و نۆ سەربازی دیکەش ونبوونە. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن