چەند ڤیدیۆیەکی رووداو لە ناو شنگالەوە
رووداو - شنگال
تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ ئازادکردنی شنگال چووە ناو شارەکەو ، لەڕێگەی تیمی پەیامنێرانەوە وێنە و ڤیدیۆی ناوشارەکەی بۆ بینەرانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ گواستەوە.
نێچیرڤان حسێن ، پەیامنێری رووداو لە شنگال وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئاماژە بەوە دەدات کە تیمێک لە هێزەکانی پێشمەرگە هەوڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێندراوەکان دەدەن و بەئاڵای کوردستانەوە کۆڵان بەکۆڵان دەچنە ناو شنگالەوە.
لەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە هێزی پێشەمەرگەی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە ، دڵخۆشی خۆیان بەرامەبەر بە ئازادکردنی شنگال دەردەبڕبن و بەیەکەوە هاوار دەکەن " بژی پێشمەرگە".
هێزێکی دیکە وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە بەرەو شنگال بەڕێدەکەون و ئاماژە بە چوونە ناو شنگال دەکەن.
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی توانیان تەواوی شنگال کۆنترۆڵبکەنەوە و ، داعش لەوشارە وەدەربنێن.
ئۆتۆمبێلێكی درعی بۆمبڕێژكراو لەلایەن هێزێكی پێشمەرگەوە لە شنگال دەستی بەسەردا گیراوە، كە بڕێكی زۆر ماددەی تەقەمەنی تێدایە و ئەگەر بتەقیبایەوە زیانێكی زۆری لە پێشمەرگە دەدا.
یەكەمجار ئەو ئۆتۆمبێلە كە لەجۆری فۆردە، لەلایەن د. سلێمان بینراوە، نێوبراو خەڵكی باكووری كوردستانە و ساڵێك زیاترە لە ئەڵمانیا وەكو خۆبەخش هاتووەتە باشووری كوردستان و پەیوەندی بە پێشمەرگەوە كردووە،د. سلێمان بە رووداوی راگەیاند كە لەلایەن كەسێكی خەڵكی شنگال ئاگاداركراوەتەوە، ئەوانیش تەقەیان لە شوفێرەكەی كردووە.
ئەو كە پسپۆری پووچەڵكردنەوەی بۆمبە چێنراو و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانە، ئۆتۆمبێلەكەی پووچەڵكردووەتەوە و دواتر گواستوویانەتەوە. ئۆتۆمبێلەكە 8 بەرمیلی پڕ تیی ئێن تی تێدا باركراون و درع كراوە، بۆئەوەی نەتوانرێت بووەستێنرێت.
لەبارەی مەترسی ئەو ئۆتۆمبێلە فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلە بە پێشمەرگەدا تەقیبایەوە بە سەدان پێشمەرگەی شەهید دەكرن.
لەنێو ئەو پێشمەرگانەی کە بەشداری کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای شنگال بوون پێشمەرگەیەکی عەرەبی خەڵکی روومادی هەیە کە بە کوردیش قسەدەکات.
ئەو پێشمەرگە عەرەبە شانبەشانی پێشمەرگە کوردەکانی هاوڕێی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕە، ئەو بۆ رووداو دوا گوتی: " من خەڵکی روومادیم، کاتێک داعش هات و گوندەکەمانی گرت نەمزانی بچمە کوێ لەبەرئەوەی زۆر زۆر متمانەشم بە پێشمەرگە هەیە بووم بە پێشمەرگە".
"ئەو گوتیشی ئەوەی پێشمەرگە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کردی سوپای عێراق لەماوەی مانگێکیشدا بۆی ناکرێت".
لەنێو شاری شنگال تیمی پەیامنێرانی رووداو وێنەی یەکێک لە چەکدارانی داعش بەزیندووی دەگرن و لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەستگیردەکرێت.
لەماوەی دوو رۆژدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا تەواوی شنگال کۆنترۆڵ بکەنەوە.