بۆ بانگەشە، حیزبەکان چەند پارەیان داوەتە بەربژێرەکانیان؟

رووداو دیجیتاڵ

حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەشێوەی جیاواز هاوکاریی بەربژیرەکانیان کردووە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین هاوکاری دارایی بۆ بەربژێرانی خەرج کردووە، نەوەی نوێ تەنیا پۆستەری بۆ بەربژێرەکانی چاپکردووە، هەندێک لە حیزبەکانیش بەهۆی "خراپیی دۆخی دارایی"، نەیانتوانیوە هیچ هاوکارییەکی بەربژێرانیان بکەن. 

پارتی دیموکراتی کوردستان
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، بەربژێرانی پارتی زۆرترین هاوکاری کراون بە بەراورد بە بەربژێرانی لیستەکانی دیکە، بەڵام بەرپرسان و بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نەبوون لەوبارەوە لێدوانی ئاشکرا بدەن. 
 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
 
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە هەرچوار بازنەی هەڵبژاردن بە 172 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە. 
 
سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی هەولێری مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا بەربژێرانی یەکێتی بڕی پێنج ملیۆن دیناریان بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەرگرتووە". ئاشکراشی کرد "بڕیارە گوژمەیەکی دیکەیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕەکەی دیارنییە." 
 
لای خۆیەوە، لاجان محەممەد، بەربژێری یەکێتی لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا بڕی پێنج ملیۆن دینارمان وەرگرتووە، بڕیارە پێنج ملیۆن دیناری دیکەشمان بۆ خەرج بکرێت." 
 
بزووتنەوەی گۆڕان
 
بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کارزان گەردی، بەربژێری گۆڕان لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت "هەر بەربژێرێکی لیستی گۆڕان. بڕی سێ هەزار دۆلاری وەرگرتووە، هەر بەربژێرێکیش 50 پۆستەری بۆ چاپکراوە." 
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتیی ئارام قادر، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ بەربژێران خەرج نەکردووە. ئارام قادر، سەرۆکی حیزبەکە بە رووداوی گوت "بەهۆی خراپیی باری داراییمان، نەمانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بانگەشەی بەربژێرانمان خەرج بکەین، ئەوەی دەیکەن لەسەر ئەرکی خۆیانە." 
 
لیستی هاوپەیمانیی کوردستان
 
هاوپەیمانیی کوردستان، لە هەریەک لە سۆسیالیست، زەحمەتکێشان و حیزبی شیوعی پێکدێت، کە هەرسێکیان هاوپەیمانیێتییەکەیان پێکهێناوە، بەڵام هەر حیزبە و بەجیا هاوکاریی دارایی بەربژێرانی دەکات. 
 
هیوا عومەر، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان کە بەربژێری حیزبی شیوعییە، بە رووداوی گوت "هەر بەربژێرێکمان لەلایەن حیزبی شیوعییەوە بڕی 3 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن." 
 
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە 9 بەربژێر، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردن کردووە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی بۆ بەربژێران تەرخان نەکردووە، لەوبارەوە هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشان بە رووداوی گوت "دۆخی دارایی حیزبەکەمان خراپە، نەمانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراو بۆ بانگەشەی بەربژێرانمان تەرخان بکەین، بەربژێران لەسەر ئەرکی خۆیان بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن و پۆستەریان چاپکردووە." 
 
رووداو پەیوەندیی کرد بەر هەریەک لە رێبین محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان و بەربژێری سۆسیالیست، لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی ئامار و هەڵبژاردنی سۆسیالیست، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو بڕە پارەیە نەخستەڕوو کە بۆ بەربژێرانیان خەرجیان کردووە. 
 
یەکگرتووی ئیسلامی
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ملیۆنێک تاوەکو یەک ملیۆن و 200 هەزار دیناری بۆ بەربژێرانی خەرج کردووە، بەڵام هاوکارییەکە لە مەڵبەندێک تاوەکو یەكێکی دیکە دەگۆڕێت. 
 
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو بە رووداوی راگەیاند "ئەو هاوکارییەی حیزب تەرخانی کردووە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی بەربژێران، لە نێوان ملیۆنێک تاوەکو ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە، بەڵام هەندێک بەربژێر رەنگە زیاتریان وەرگرتبێت، مەڵبەند هەیە ژمارەی بەربژێرانی کەمە، لەنێوخۆدا هاوکاریی زیاتریان کۆکردووەتەوە و دراوەتە بەربژێرەکە بۆ هەڵمەتی بانگەشە." 
 
یەکێک لە بەربژێرانی یەکگرتوو لە بازنەی دهۆک کە دوو ملیۆن دیناری وەرگرتووە، بە رووداوی گوت "ملیۆنێک بۆ پۆستەر و ملیۆنێکیش بۆ کرێی بەنزین، بۆ ئێمە خەرج کراوە." 
 
هەروەها د. بوخاری جەمیل، بەربژێری یەکگرتوو لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "بڕی یەک ملیۆن و 150 هەزار دینارم بۆ هەڵمەتی بانگەشە وەرگرتووە".
 
کۆمەڵی دادگەری
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە 47 بەربژێر، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی راگەیاند "بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارمان بۆ هەر بەربژێرێک تەرخان کردووە". بەوپێیە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 70 ملیۆن و 500 هەزار دیناری بۆ بەربژێرانی تەرخان کردووە. 
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رێژەیەکی کەمی هاوکاری بۆ بەربژێرانی تەرخان کردووە، ئەو حیزبە بە شەش بەربژێر لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە، لە دهۆک هیچ بەربژێرێکیان نییە و لە هەڵەبجەش بەربژێرەکەیان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵی دادگەری کشاندەوە. مەلا خەتاب، بەربژێری بزووتنەوە لە بازنەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "هەر بەربژێرێکی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕی 250 هەزار دیناری پێدراوە." 
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە. ئاواز ساڵح کە بەربژیرێکی لیستەکەیە، بە رووداوی گوت "هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ خەرج نەکراوە، تەنیا ژمارەیەک پۆستەرمان بۆ چاپکراون و ژمارەیەک رێکلامیشمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سپۆنسەر کراون".
 
لەوبارەوە د. رێبوار کەریم مەحموود، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن و بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست، بە رووداوی راگەیاند "وەکو بڕە پارەی دیاریکراو، هیچ هاوکارییەکی بەربژێرانمان نەکردووە، چونکە سەرچاوەیەکی دیاریکراوی داهاتمان نییە و حیزبێکی نوێین. تەنیا ژمارەیەک پۆستەرمان بۆ بەربژێران چاپکردووە، ئەویش لەسەر ئەرکی کۆمەڵە کەسانێک کە هاتوون هاوکارییان کردووین و هەریەکە و چاپکردنی ژمارەیەک پۆستەریان لە ئەستۆ گرتووە."
 
بەرەی گەل
 
بەرەی گەل، بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی وەکو هێزێکی نوێ بۆ یەکەم جارە بەشداری لە هەڵبژاردن بکات، هاوکارییەکی دیاریکراو لەلایەن حیزبەکەوە بۆ هەموو بەربژێران خەرج کراوە. زەهرا سەعدوڵڵا، بەربژێری بەرەی گەل بە رووداوی راگەیاند "هەر بژێرێکی بەرەی گەل بڕی سێ ملیۆن دیناری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن وەرگرتووە." 
 
بەرەی تورکمانی
 
بەرەی تورکمانی لە هەولێر وەکو لیست بەشداریی لە هەڵبژاردن کردووە، ئەو لیستە 11 بربژێری هەیە و چاوی لەوەیە وەکو لیست بگاتە پەرلەمان. بۆیە بەربژێریان بۆ کورسیی کۆتا نییە. فیکرەت لوتفی، بەرپرسی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی لە هەولێر، بە رووداوی گوت "بە دوو قۆناخ بڕی پێنج هەزار دۆلارمان بۆ بەربژێرانمان خەرج کردووە." 
 
نەوەی نوێ
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ هاوکارییەکی دارایی بەربژێرانی نەکردووە، بەڵکو پۆستەری بۆیان چاپ کردووە. شڤان سەعید، بەربژێری نەوەی نەوێ لە بازنەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند "هیچ هاوکارییەکی داراییمان نەکراوە، بەڵکو هەر بەربژێرێکی نەوەی نوێ 400 پۆستەری بانگەشەی بۆ چاپکراوە".