نابینایان چۆن دەنگ دەدەن؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
دێسکی هەڵبژاردن

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رێوشوێن بۆ دەنگدانى نابینایان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دادەنێت، کە بە هاوکارى بەڕێوەبەرى وێستگەکە دەبێت. بەو مەرجەى ئەو لیست و بەربژێرە نەدرکێنێت کە دەنگدەرەکە دەنگى پێ داوە، بەگوتەى سەرۆکى رێکخراوێکى تایبەت بە نابینایان، 7 هەزار نابینا لە هەرێمى کوردستان هەن.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەى ئەلیکترۆنى و دەستیی دەنگدان، کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادەى کردووە، ئەو دەنگدەرەى نابینایە دەتوانێت داواى هاوکارى لە بەڕێوەبەرى وێستگەى دەنگدان بکات بۆ ئەوەى دەنگ بدات، بەبێ ئەوەى ئەو بەڕێوەبەرە بژاردەى دەنگدەرەکە بدرکێنێت لە رۆژى هەڵبژاردن یان هەر کاتێکى دیکە.
 
عوسمان خەلیفە، سەرۆکى ریکخراوى رۆشنایی دڵ کە تایبەتە بە نابینایان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ژمارەى نابینایان لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 7 هەزار کەس دەبن، هەندێکیان تواناى بنینیان کەمە و 70% نابینن.
 
هاوکارى بۆ دەنگدانى نابینایان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەشێکە لە رێکارەکانى کۆمیسیۆن، بۆ ئەو کەسانەى پێویستییان بەو هاوکارییە بۆ دەنگدان، کە جگە لە نابینایان، بێدەست و نەخوێندەوار دەگرێتەوە. 
 
لە رێنماییەکەدا هاتووە، دەکرێت دەنگدەر کەسێکى نزیکى کە تاوەکو پلە چوار دەگرێتەوە، دیاریبکات بۆ ئەوەى یارمەتی بدات لە دەنگدانەکەیدا، بەڵام ناکرێت ئەو کەسە هاوکاریى زیاتر لە دوو دەنگدەر بکات بۆ دەنگدان. 
 
هەر دەنگدانێک هاوکاریى هەبێت لە وێستگەکاندا، دەبێت تۆمار بکرێت.
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەم دەکرێت، یەکەمجارە بە سیستمى ئەلیکترۆنى بکرێت، کە پێویستى بەوەیە دەنگدەر بە قەڵەمى تایبەتى کۆمیسیۆن ئەو لیست و بەربژێرە نیشان بکات، کە دەیەوێت دەنگى پێ بدات بەر لەوەى بیخاتە سندوقى دەنگدانەوە، کە بە ئەلیکترۆنى هەژمارى دەکات. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە