کاردۆ محەممەد: تائێستا هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان نەیتوانیوە گۆڕان تێپەڕێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-

دێسکی هەڵبژاردن

رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئۆپۆزیسیۆن هەیە لە کوردستان و بەشێکیان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گۆڕانە، تائێستاش ئەوانە نەیانتوانیوە گۆڕان و بەرنامەکەی تێپەڕێنن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەر، کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەربژێران و ژمارەیەک لەلایەنگرانی حیزبەکەی لە هەولێر، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئەمڕۆ لەبەردەم چرکەساتێکی مێژوویی گەلەکەمانین، کوردستان بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و ژیانی هاووڵاتییان ناسەقامگیرە''.
 
کاردۆ محەممەد باسی مێژوویێکی بزووتنەوەکەی کرد و گوتی ''گۆڕان لە قۆناخێكی تایبەت دەرکەوت و توانی ناڕەزایی خەڵک لە فۆرمێکی پێشکەوتوو بگەیێنێت و چەندین داهێنان لەڕووی سیاسییەوە بکات، لەوانە شەفافیەت، لێپرسینەوە لە وەزیرەکان''.
 
کاردۆ محەممەد لەو کۆبوونەوەیەدا باسی سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی بزووتنەوەکەی کرد و دواتر کە بەشداریی حکومەتیان کرد، رایگەیاند گۆڕان ئامانجی نەبووە هەر لە شەقام بێت، بەڵکو هەوڵیداوە بچێتە دەسەڵات و گۆڕانکاری بکات، "بەڵام بەداخەوە گۆڕان شکستیخوارد بەهۆی ئەو رێککەوتنانەی کە کردی لە پێناو گۆڕانکاری لە دەسەڵات و سەرکەوتوو نەبووە و بۆیە داوای لێبووردن لە دەنگدەران و خەڵکەکەی دەکات، چونکە رێز لە ئیرادە و خواستیان دەگرێت".
 
کاردۆ محەممەد گوتی ''جێگەی دەستخۆشییە نوێنەرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەکشێنەوە و پابەندی بڕیاری بزووتنەوەکەن، لەکاتێکدا دەیان کەس لەم سەردەمەدا بە دوای پلە و پۆستەوە رادەکەن، دەستبەرداربوون لە پلە و پۆست بابەتێکی دەگمەنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لووتکەی راستگۆییە''.
 
کاردۆ محەممەد لەبارەی ئەو رەوتانەی کە لە کوردستان لە دوای گۆڕان سەریان هەڵدا دەڵێت ''ئۆپۆزیسیۆن هەیە لە کوردستان و بەشێکیان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گۆڕانە و تائێستاش ئەوانە نەیانتوانیوە گۆڕان و بەرنامەکەی تێپەڕێنن و پێمان وایە لە کوردستان هێزێک ئەگەر ستراتیژیەتەکەی هاوبەش نەبێت، ئەگەر نەتوانێت ناوەندێکی دەسەڵاتی یەکگرتوو دروست بکات دڵنیابن ئۆپۆزیسیۆن هیچی پێناکرێت''.
 
لە درێژەی هەمان بابەت گوتی ''پێمان گرنگە ئۆپۆزیسیۆن خاوەن ستراتیژیەت بێت نەک دروشمی بێ بنەما و قسەی پێکەنیناوی، ئێمە لەگەڵ هەنگاوی کردارین نەک دروشمی گەورە''.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە