لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ورمێ سێ کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە سەر رێگەی نێوان شارۆچکەی چایپارە و ناحیەی مەرگەنلەر روویداوە و دوو ئۆتۆمبیلی جۆری پیجۆ 405 و پراید پێکیانداداوە.
 
بە گوتەی حەمید مەحبووبی، لە رووداوەکەدا سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناسنامەی قوربانییەکان رانەگەیاندووە.
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەشڵێت، بریندارانی رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە، تەرمەکانیش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادپزیشکی و دەسەڵاتی داد کران. ئاماژەشی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە.
 
رۆژی 27-09-2024، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا (لە 21-03-2024 تاوەکوو 21-09-2024)، نزیکەی 200 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە پار 50 کەس کەمترە.