نێچیرڤان بارزانی لێبووردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک حوکمدراو دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبووردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبووردندا دەرکرد و دەڵێت، "بەردەوامی دەبێت". هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بەقەزاکردنی تەقتەقی دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-10-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە ( 336)ـی دەرکرد کە لێبووردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەپێی ئەو فەرمانە، 17 حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبووردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات: "ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان".
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "لیژنەکە لە ماوەی رابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون".
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە (335)ـی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ـی دەرکرد.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، پاش ئەوەی هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.