دوو بەربژێری سەربەخۆ لە دهۆک لەڕێی 'خێر' و تیکتۆکەوە بانگەشە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێرێکی سەربەخۆی شێلادزێ لە سنووری دهۆک لە تیکتۆکەوە لایڤ دەکاتەوە و بانگەشە دەکات و بەربژێرێکی دیکەش دەڵێت: هاوڕێکانم بە خێری خۆیان پۆستەریان بۆ کردووم. 
 
یەکێک لە بەربژێرە سەربەخۆکان لە شێلادزێ کە پیشەی پێشمەرگەیە، تەنیا دوو پۆستەری هەڵواسیوە. بە شێوەیەکی جیاواز بانگەشە دەکات؛ لایڤی تیکتۆک دەکاتەوە و قسە لەگەڵ خەڵک دەکات. 
 
کارنامەکەی ئەوەیە، کە گەیشتە پەرلەمان، دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت. 
 
ئاراز جەعفەر ئەو گەنجەیە و دەڵێت: "من کەسێکی ناسراوم لە سۆشیاڵ میدیادا. پێموابێت ئەگەر لایڤ بکەمەوە باشترە بۆم. شەوانە دوو هەزار کەس تەماشام دەکەن. ئەوە باشترە لەوەی بچم وێنەی خۆم لەسەر شەقامەکان هەڵواسم و خەڵکی بێزار بکەم. خەڵکی وا هەیە خۆشیناوێیت، بۆچی هەمیشە دەموچاوت لەپێش چاوانی بێت؟ هەندێک پرۆژەم بۆ گەنجان هەیە. گەنجی ئەم ناوچەیە سنووردار کراوە. گەنجی بادینان بەگشتی وایە. کەس ناتوانێت هیچ کارێک بکات." 
 
کەسێکی دیکە بە ناوی سەعدی، بەربژێرێکی سەربەخۆیە. ئەویش تەنیا دوو وێنەی چاپکردوون و لەسەر شەقام دایناون. هەندێ هاوڕێی هاوکارییان کردووە و وێنەکانی بۆ زیادکردوون. لەرێگەی پەیوەندیکردن و سەردانکردنی خەڵک بانگەشەی خۆی دەکات. پێیوایە ئەو رێگەیە باشترە لە هەڵواسینی پۆستەر. سەرنجیش دەخاتە سەر بێکاریی گەنجان. 
 
سەعدی سەدیق دەڵێت: "دوو وێنەم بە پارەی خۆم چاپکردووە. ئەویش هێشتا پارەکەیم نەداوە. نازانم بە چەند کراوە. جگە لەوە، 20 بۆ 30 وێنەی دیکە دۆست و هاوڕێکانم بە خێری خۆیان دروستیان کردوون. گەنجەکانمان لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە لە کافێکاندان. ئیش و کار نییە. دەمانەوێت کێشەکانی خەڵک ببەینە پەرلەمان." 
 
لە بازنەی پارێزگای دهۆک 21 بەربژێری سەربەخۆ تۆمارکراون؛ هەشتیان خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن کشاندووەتەوە.