زیاتر لە سێ ملیۆن کاخەزى دەنگدان چاپ کراون؛ پێنج رۆژ بەر لە هەڵبژاردن دابەش دەکرێن


دێسکی هەڵبژاردن

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن کاخەزى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ کردووە، بڕیارە پێنج رۆژ بەر لە دەنگدان بەسەر ناوەندەکانى دەنگدان دابەش بکرێن. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـى تشرینى یەکەم، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، سێ ملیۆن و 77 هەزار و 550 کاخەزى دەنگدانیان بۆ دەنگدانى گشتى و 251 هەزار و 700 کاخەزى دەنگدانى تایبەتیان چاپ کردووە. 
 
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو ملیۆن و 889 هەزار و 615 کەس کە کارتى بایۆمەترییان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن، دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنەکە لە 18ـى تشرینى یەکەم دەکرێت، تێیدا 215 هەزار و 960 هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستان دەتوانن بەشدار بن.
 
ئەسیەر یاسین، گوتەبێژى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سەرجەم کاخەزەکانى دەنگدان گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان و لە 15ـى تشرینى یەکەمەوە لەگەڵ ئامێرەکانى دیکەى کۆمیسیۆن دەست بە دابەشکردنى دەکرێت بەسەر ناوەندەکانى دەنگداندا.  
 
کاخەزى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێنج کڵێشەیە، چواریان بۆ چوار بازنەکەى هەڵبژاردنە، پێنجەمیان تایبەتە بە دەنگدانى تایبەت، کە پارێزگا و لیست و بەربژێرى تێدایە، بچووکترین کاخەزى دەنگدان لە بازنەى هەڵەبجەیە و گەورەترین لە هەولێرە.
 
ئەسیەر یاسین ئاماژەى بەوەدا، لە ماوەى سێ رۆژدا سەرجەم ئامێر و کاخەزەکانى دەنگدان بەسەر بنکەکاندا دابەش دەکرێت. 
 
20ـى تشرینى یەکەم رۆژى دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یەکەمجارە بە سیستمى ئەلیکترۆنى بکرێت.