بەربژێرانى لیستێک بانگەشە بۆ لیستێکى دیکە دەکەن


دێسکی هەڵبژاردن

بەربژێرانى لیستى بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیى کوردستان لە رکابەریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە بازنەى هەڵەبجە کشاونەتەوە و بانگەشە بۆ لیستى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان دەکەن. سەرۆکى لیستەکەیان لە هەڵەبجە دەڵێت: "ماڵە و ماڵ دەگەڕێین و دەنگیان بۆ کۆدەکەینەوە".

لیستى بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیی کوردستان لە 23ـى ئەیلوولی 2024 و بەر لە دوو رۆژ لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن، کشانەوەى لە رکابەرى هەڵبژاردن لە بازنەى هەڵەبجە راگەیاند، بەڵام ناوى سێ بەربژێرەکەى لە لیستى بەربژێرانى کۆمیسیۆندا ماون. 
 
کشانەوەکە بۆ ئەوە بووە پاڵپشتیى لیستى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان بکەن لە بازنەى هەڵەبجە، کە ئەوانیش پێنج بەربژێریان هەیە. 
 
نزار کەمال، کە سەرۆکى لیستى بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیى کوردستان بوو، بەر لەوەى کشانەوەى خۆیان رابگەیێنن، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "وامان پێ باش بوو لەو سنوورە هاوپەیمانێتى لەگەڵ کۆمەڵى دادگەریى بکەین، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە دواى پەسەندکردنى ناوى بەربژێران بووە، بۆیە ناوەکان لە لیستەکەدا ماوە" 
 
پشکى کورسییەکانى بازنەى هەڵەبجە سێ کورسییە، بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیى کوردستان هۆکاری ئەو بڕیارەیان بۆ پەرتنەبوونی دەنگى ئیسلامییەکان دەگێڕێتەوە. 
 
نزار کەمال گوتى "ویستمان دەنگى ئیسلامییەکان پەرتەوازە نەبن، وەک بەربژێرانى لیستەکەمان لە بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بەشدارین و ماڵ بە ماڵ دەنگیان بۆ کۆدەکەینەوە".
 
بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیى کوردستان، لە بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان جیابووەتەوە، کامیل حاجى عەلى، سەرۆکایەتى دەکات. 
 
جگە لە کۆمەڵى دادگەریى کوردستان، هەر یەک لە بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان، یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لە بازنەى هەڵەبجە رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکانى ئەو بازنەیە کە سێ لایەنى ئیسلامین. 
 
10ـى تشرینى یەکەمى 2024، عەلی باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانى لە هەڵەبجە، سوپاسی بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیی کرد، کە بە دەنگ بانگەوازەکەیانەوە هاتوون و گوتى، "ئەو بانگەوازە بۆ خەڵکی دیکەش بوو، ئێمە بەپێکەوەبوون هێزمان دەبێت و بە پەرش و بڵاوى بێهێز دەبین".