ئەمریکا سیستمێکی دیکەی دژە مووشەک بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

13-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێنتاگۆن دەڵێت، بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا سیستمی دژە مووشەکی بالیستی بۆ ئیسرائیل دەنێرن. ئەمریکا دەڵێت، دوای دوو هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو بڕیارە دراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 13-10-2024 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە: "دوای فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری بڕیاری دا سیستمی دژە مووشەکی بالیستی (THAAD) بۆ ئیسرائیل بنێردرێت."
 
سیستمی تاد THAAD سیستمێکی بەرگریی دژە مووشەکی ئەمریکییە بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکی بالیستی دیزاین کراوە. ئەم سیستمە لە ساڵی 1987 دیزاین کرا، بەڵام بۆ یەکەمجار لە 2008 جێگیرکرا. سیستمەکە لەسەر ئۆتۆمبێلی سەربازی جێگیردەکرێت، کێشەکەی 900 کیلۆگرامە و درێژییەکەی 6.17 مەترە. مووشەکەکانی ئەو سیستمە دەتوانن تاوەکو 150 کیلۆمەتر بەرز بفڕن و دەشتوانن بە خێرایی 10 هەزار کیلۆمتر لە کاژێرێکدا بڕۆن.
 
پێنتاگۆن رایگەیاند، سیستمەکە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیلە، دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران لە 13ـی نیسان و 1ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ.
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەروەها گوتی، ئەمە جەخت لە پابەندیی پۆڵایینی ئەمریکا دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و هەموو هاووڵاتییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە دژی هەر مووشەکێکی بالیستیی ئێرانی. ئەمە بەشێکە لەو رێککەوتنە فراوانەی سوپای ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل و پاراستنی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان لە ئیسرائیل.
 
ئەمە یەکەم جار نییە ئەو سیستمە بۆ ناوچەکە دەنێردرێت. دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل لە 07-10-2023، ئەمریکا سیستمی تاد-ـی بۆ ناوچەکە "بۆ بەرگریکردن لە سەرباز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" نارد. هەروەها، لە ساڵی 2019 ئەمریکا هەمان سیستمی بۆ ئیسرائیل نارد، بەڵام تەنیا مەبەستەکە راهێنانکردن بوو لەسەری.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".