لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق پرسی بودجە تاوتوێ دەکەن

13-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی فیدراڵی باسیان لە "میکانیزمەکانی پارەدارکردنی بودجە" و فرەسەرچاوەکردنی داهات کردووە، لە نێویاندا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی پارەکەی بۆ "حکومەتی ناوەندی". 
 
پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی و ئامادەبوونی ئەندامەکانی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری؛ بەڕێوەبەری گشتیی بودجە، سەرۆکی دەستەی گشتیی باج و سەرۆکی دەستەی گشتی گومرک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی "گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی دارایی و میکانیزمی پارەدارکردنی بودجەی فیدراڵی بکەن". 
 
لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە "باسی لە گرنگی فرەسەرچاوەکردنی داهاتە نانەوتییەکان کرد، وەک رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی". 
 
لیژنەکە هەروەها باسی لە "گرنگی" کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ "چاودێریکردنی داهات و دانانی پلان بۆ زیادکردنی، لەپاڵ هەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەو فەرمانگەیانەی" کە داهاتی خۆیان دابین دەکەن. 
 
تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا "شرۆڤەیەکی بۆ خشتەکانی بودجە و داهاتی نانەوتی کە بەشێکی بودجەی گشتی پێکدێنن، پێشكێشکرد"؛ هەروەها باسی لە داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان  و "خەرجی و داهاتی پێشبینیکراوی کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا و کەرتەکانی دیکە کرد". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لیژنەکە تاوتوێی داهاتی بەدەستهێندراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و میکانیزمی گواستنەوەی پارەکەی بۆ حکومەتی ناوەندی کرد"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "لیژنەکە داوایکرد زانیاریی فەرمی لەبارەی پارەدارکردن و خەرجییەکانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوونیان بۆ بکات". 
 
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەو بارەیەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ئەوە کرا کە هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى رادەست نەکردووە و تەنیا نزیکەى 320 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیشی رادەست کردووە. 
 
مستەفا گەرعاوى گوتی، پرسیار لە وەزیری دارایی کرا کە بۆچى نزیکەى 13 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پاکتاونەکراوە و ئەویش باسی لەوە کرد، لیژنەى هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە کە تاوەکو کۆتایی ساڵ ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.