کۆمیسیۆن: بریکاری هەر لیستێک لە بنکەی هەڵبژاردن دووربخرێتەوە جێگرەوەی نابێت


مالیک محەممەد

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، یاساشکێنی بە هەموو شێوەیەک لە ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان رێگەپێنەدراوە و بریکاری هەر لیستێک دەستتێوەردان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات، دووردەخرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بریکارانەی حیزب کە لەنێو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان دەبن، ئەگەر هەر سەرپێچی و پێشێلکاریەکی یاساکانی کۆمیسیۆن بکەن، دووردەخرێنەوە و حیزبەکان ناتوانن کەسی دیکە لە شوێنیان دابنێن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد "هەر بریکارێک دەستتێوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردن یان پێشێلکاریی یاساکانی کۆمیسیۆن بکات، یاخود باجە تایبەتەکەی تێکچووبێت ئەوا لەلایەن بەرپرسی ناوەندی دەنگدانەکەوە دووردەخرێتەوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوا ئاماری بریکاری حیزبەکان، رێکخراو و کۆنسووڵخانەکان بۆ چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە؛ زیاتر لە 13 هەزار کەس کە بریکاریی حیزبەکان دەکەن، لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە دەبن لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.