بەربژێرێک: دەربچم بە تۆڕبایینەکەم کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەم


دێسکی هەڵبژاردن

بەربژێرێکی بازنەی هەولێر دەڵێت "تۆڕبایینێکی بەرهەمهێنانی کارەبام دروستکردووە، ئەگەر دەربچم، کێشەی کارەبای پێ چارەسەر دەکەم."
 
تاریق محەممەد لە بازنەی هەولێر بەربژێری بزووتنەوەی ئیسلامییە، بە رووداوی گوت: "9 ساڵە سەرقاڵی تۆڕبایینێکم و ئێستا 99٪ـی کارەکانم تەواوکردووە، ئەگەر دەربچم، کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەم."
 
ئەو بەربژێرە لەبارەی تۆڕبایینەکەیەوە دەڵێت: "بەبێ سووتەمەنی و تەنیا بە وزەیەکی کەمی کارەبا کاردەکات، دەتوانێت 100 ئەمپێر کارەبا بۆ یەک مێگاوات زیاد بکات."
 
تاریق محەممەد ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆژەکەی دۆستی ژینگەیە و هیچ دەردانێکی ژەهراویی نییە "ئەگەر دەریش نەچم، واز لە بیرۆکەکەم ناهێنم."
 
ئەو بەربژێرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوە کرد، پڕۆژەی دیکەیشی هەیە کە یەکێکیان دروستکردنی ژووری ساونایە: "ژوورێکی هەڵمیم دروستکردووە بۆ ساونا کە پێویستی بە کارەبا نییە و تەنیا بە کەمێک گازی شل کار دەکات و تێچووەکەی تەنیا 200 دۆلارە."