حەیدەر گەرعاوی: 45 ملیار دینارمان رادەستی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، هەفتەی رابردوو 45 ملیار دیناریان وەک شایستە دارایی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە. دەشڵێت، بەربوبوومی گەنمی ئەم ساڵ نزیکەی 6.5 ملیۆن تۆن بووە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق، میوانی بوڵتەنی ئابووریی رووداو بوو. گوتی: "کۆتایی هەفتەی رابردوو، بڕە پارەیەکی دیکەشمان پێدرا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. 45 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان رادەستکرد. پشت بەخوا ئەوەی ماوە، ئەویش دەدرێ".
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق، لەبارەی کۆی گشتیی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمی ئەم ساڵ لە سەرووی پێشبینیی ئەواندا بووە و شەش ملیۆن و 302 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرت. لە کاتێکدا پێشبینییان کردبوو پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم یان کەمێک کەمتر بەرهەم  بێت. 
 
گەرعاوی رەتیکردەوە گەنمی هاوردەکراویان کڕیبێت و رایگەیاند، گەنمی زیادیان هەیە و لە هەردوو وەرزی 2023-2024دا گەنمی هاوردەکراو نەکڕاوە، بگرە خۆبژێویان هەبووە و لەم وەرزەشدا نەک تەنیا خۆبژێوی بەڵکو زیادەشیان بەردەستە. 
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق گوتی: "بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە پێویستمان بە گەنم دەبێت. ئەمە جگە لەوەی نرخی گەنم بە نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەتەوە. هەفتەیەکە لە هەموو جیهان نرخی گەنم بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ هەموو جیهان بەدوای گەنمدا دەگەڕێن. بۆیە ئاسان نییە بە هەنگاوێک بڕیاری هەناردەکردن بدەین".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق:
 
رووداو: بەگشتیی چەند تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە؟
 
گەرعاوی: راستییەکەی ئەم ساڵ پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد کە قەبارەی بەروبوومی دانەوێڵە بەمشێوەیە زیاد بکات. بۆ ئەم ساڵ شەش ملیۆن و 302 هەزار تۆن گەنممان وەرگرت. ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینیمان دەکرد پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم یان کەمێک کەمتر بەردەست بێت و رادەستمان بکرێت. بەڵام ئەمە ویستی خوای گەورەیە، وەرزی باران بەشێوەیەک بەرچاو زیادیکرد و بەپێز بوو. سوپاس بۆ خوای گەورە ئەم قەبارە مەزنەمان وەرگرت و پارەکانیش تەنیا بۆ پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن دابین کرابوون، بەڵام وەک گوتم قەبارەکە زۆر لەمە زیاتر بوو. ئەو بڕە زۆرەی گەنمە وەرگیراوە بووە گەنجینەیەکی ستراتیژیی بۆ عێراق لەم دۆخە هەستیارەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت. سوپاس بۆ خوای گەورە ئەمە بەرەکەتێکی بەپێز بوو پێی بەخشین کە تاوەکو ساڵی داهاتوو گەنمی زۆرمان دەبێت. 
 
رووداو: ئەگەر کورتهێنان هەبێت لە پارەدارکردنی جووتیاران، قەبارەی کورتهێنان چەندە؟
 
گەرعاوی: ئەمە بە کورتهێنان هەژمار ناکرێت، چونکە ئەو پارەیەی تەرخانکراوە، جیاوازە لەگەڵ گەنمی وەرگیراو. وەزارەتی دارایی پارەکە قۆناخ بە قۆناخ رادەستی وەزارەتی بازرگانیی دەکات و بەسەر ئەو پارێزگایانە دابەش دەژرێت کە ماون، ئەوانیش پێنج پارێزگا بوون. بڕە پارەیەکی کەمی پشکی پارێزگای سەلاحەدین مابوو رادەستمان کردن. بەشێک لە پشکی پارەی کەرکووکیشمان مابوو، پێماندان. زۆرترین بڕە پارە مابێت، پشکی جووتیارانی پارێزگای نەینەوایە و تەنانەت پشکەکەیان لە پشکی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم زیاترە. تەنیا نەینەوا 1 ملیۆن و 260 هەزار تۆن گەنمی رادەست کردین. هەروەها کاتی رادەستکردنەکەشی لە دوایین قۆناخدا بوو. ئەگینا قۆناخ بە قۆناخ و لە کات و ساتی دیاریکراودا پارەی جووتیارەکانمان رادەستکرد. پێش نەینەوا، کەرکووک تەواوی بەرهەمەکەی رادەستکردین و بەمەش تەنیا پارێزگای نەینەوا کە دوایین وێستگە بوو مابووەوە. پاشان هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەوانیش تەواو کران. لە 10ـی 7 لە کەرکووک، لە 12ـی 7 لە نەینەوا و لە 20ـی 7 لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردتان پرۆسەی رادەستکردن کۆتایی پێهات. پارە یەک بەدوای یەک و قۆناخ بە قۆناخ بەردەست دەبن. کۆتایی هەفتەی رابردوو، بڕە پارەیەکی دیکەشمان پێدرا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. 45 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان نارد. پشت بەخوا ئەوەی ماوە، ئەویش دەدرێت. کەرکووکیش 15 ملیار دینار و نەینەواش 25 ملیار دیناریان پێدرا. 45 ملیار دینارەکەی پارێزگاکانی هەرێم بەمشێوەیە دابەشکرا؛ سلێمانی 20 ملیار دینار، هەولێر 15 ملیار دینار و دهۆکیش 10 ملیار دیناری پێدرا. پارەکە بەپێی رێژەی رادەستکردنی بەرهەم بووە. 
 
رووداو: هیچ بڕە گەنمێک هاوردە کراوە؟ 
 
گەرعاوی: چۆن دەکرێت گەنمی هاوردەکراو بکڕێت، لە کاتێکدا بەرهەمی خۆماڵی بە زیادەوە هەبووە. وەرزی رابردوو لە بابەتی بەروبوومی گەنم گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی. ئەم ساڵەش خۆبژێویمان بە زیادەوە تۆمار کرد. بۆیە دوو وەرزە تەنانەت تۆنێک گەنمی هاوردەکراومان نەکڕیوە. سوپاس بۆ خوای گەورە بەرهەمی ئەم دوو ساڵەمان زۆر بەپێز بووە بۆیە لە هەردوو وەرزی 2023-2024 بەهیچ جۆرێک گەنمی هاوردەکراومان نەکڕیوە. 
 
رووداو: باشە ئەی پێچەوانەکەی؟ گەنم هەناردەکراو؟ پلانتان هەیە بۆ هەناردەکردنی گەنم؟ 
 
گەرعاوی: ئێستا بڕێکی دیاریکراومان هەیە و بەپێی دۆخەکە رەنگە هەناردەشی بکەین. ئەمە لە کاتێکدایە هۆشداری دەدرێت لەبارەی هەناردە نەکردن، بەهۆی خراپی دۆخی هەڵکشاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و پێویستمان بە گەنم دەبێت. جگە لەوە نرخی گەنم بە نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەتەوە. هەفتەیەکە لە هەموو جیهان نرخی گەنم بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ هەموو جیهان بەدوای گەنمدا دەگەڕێن. بۆیە ئاسان نییە بە هەنگاوێک بڕیاری هەناردەکردن بدەین. هەرچەندە بەپێی پلان بیر لەوەکراوەتەوە کە گەنم هەناردە بکرێت بەهۆی ئەوەی یەک ملیۆن تۆن گەنمی زیادمان هەیە لە کۆگاکاندا و دەکرێ هەناردەی بکەین، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بیرۆکەیەک هەیە بەوەی ئاشەکانی نێوخۆیی ئامادە بکرێن تاوەکو ئاردی سفر بەرهەم بهێنین. بەمەش ئەو بڕە پارەیەی بۆ کڕینی ئاردی سفر دەچووە دەرەوەی، پێچەوانە دەبێتەوە و لەناوخۆدا دەخولێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سێ ملیۆن تۆن ئاردی سفر لە سەموونخانە و نانەواخانە و هەویرکارییەکاندا بەکاردەهێندرێت. بۆیە لە پلانماندایە لە ئاشەکان و کارگە نێوخۆییەکاندا ئاردی سفر بەرهەم بهێنین. ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پلانە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە دەستیانپێکردووە. بەشێک لە ئاش و کارگەکان دەستیان بەکار کردووە و بەرهەمێکی سنووردار بەردەستە. قۆناخ بە قۆناخ ئەم کارگە و ئاشانە زیاد دەکەین بۆ ئەوەی ئاردی سفری نێوخۆیی زیاد بکرێت. بەمەش دەکرێ بە شێوەیەکی باشتر کۆنترۆڵی بازاڕ بکەین. ئەگەر گەنمی زیاتر لە کۆگا و سایلۆکاندا مایەوە یان خواست لە ئاردی سفری نێوخۆیی کەمبوو، رەنگە ئەوکات بیر لە هەناردەکردنی بکەین. ئێستاش زۆربەی وڵاتانی جیهان پێویستیان بە گەنم هەیە و بەنیازن بڕێکی زۆر بکڕن. 
 
رووداو: چەند پارێزگای عێراق ماون شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانیان پێنەدراوە؟ 
 
گەرعاوی: ئێستا ئەو پارێزگایانە ماون کە لە دوایین رۆژەکاندا بەروبوومەکانیان رادەست کرد، دوای 26-6-2024. سەلاحەدین تەواو بوو دوای ئەوەی تەواوی بەروبوومەکانی رادەست کرد. کەرکووک و نەینەوا ماون. وەک گوتم نەینەوا زۆرترین بڕە پارەی پێویستە. لەپاڵ ئەمەش هەولێر، سلێمانی و دهۆک ماون. ئەم پێنج پارێزگایە لە دوایین رۆژەکاندا ئەو بڕە زیادکراوە کە زیاتر لە 800 هەزار تۆن بوو لەم پێنج پارێزگایە دەرکەوت. ئێستا بەش بەش پارەکانمان رادەست دەکرێت و چاوەڕێی خەرجکردنی بڕە پارەکانی دیکەین لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. هەفتەی رابردوو بەشێکی دیکەی پارەکانمان رادەستکرا، کە بریتی بوون لە 20 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 15 ملیار دینار بۆ هەولێر و 10 ملیار دیناریش بۆ دهۆک کە کۆی گشتییان 45 ملیار دینار بوو. ئەمە جگە لە 25 ملیار دینار بۆ نەینەوا و نزیکەی 15 ملیار دیناریش بۆ کەرکووک. ئەو بڕە تەرخانکراوەی سەلاحەدیین رادەستیان کرا. 
 
رووداو: هیچ وادەیەکی دیاریکراو هەیە بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران؟ 
 
گەرعاوی: دوایین وادە یان وادەی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە نییە. چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەبین بۆ دیاریکردنی کات و وادەی پارەدارکردن. هەر کاتێک پارەمان رادەستکرا، وەزارەتی دارایی رۆژی دواتر دەست بە خەرجکردن و ناردنی دەکات بۆ ئەوەی بدرێتە جووتیاران. پشت بەخوا بەپێی ئەم رێکارانە لە مانگی رابردوودا جارێک 250 ملیار و جارێکی دیکەش 100 ملیار دینارمان رادەستکرا. چاوەڕێی بڕە پارەکانی دیکەش دەکەین و بەهیچ شێوەیەک وادەیەکی دیاریکراو نییە. هەروەها وەزارەتی بازرگانیی پێشبینی ناکات کە لە قۆناخی داهاتوودا چەند پارەی دیکەی بۆ خەرج دەکرێت. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە و هەر کاتێک پارەمان پێ بدرێت، دەستبەجێ رادەستی جووتیارانمان دەکەین.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە