راگەیاندنی کۆمسیۆن: راگیراوانی زیندانەکان خاوەنی کارتی بایۆمەتریش بن مافی دەنگدانیان نابێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

مالیک محەممەد

ئەندامێکی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، راگیراوانی نێو زیندانەکان ئەگەر خاوەنی کارتی بایۆمەتریش بن و ناویشیان لە لیستی دەنگدەران دا هەبێت، مافی دەنگدانیان نابێت.

یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، زانا عوسمان، ئەندامی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەو زیندانیکراوانەی کە سزاکانیان لە پێنج ساڵ کەمتر بوو، دەیانتوانی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدەن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و دەنگدان تەنیا لە نێو وێستگە دیاریکراوەکان دەکرێت؛ سندووقی دەنگدان بۆ هیچ جێگەیەکی دیکە ناگوازرێتەوە."
 
زانا عوسمان دەشڵێت "ئەو تۆمەتبارانەش کە لە زیندانەکان راگیراون، هەرچەند خاوەن کارتی بایۆمەتریش بن و ناویان لە ناوەندەکاندا هەبێت، مافی دەنگدانیان نابێت، تەنیا مەگەر لە رۆژی دەنگدان بە کەفالەت ئازاد بکرێن."
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان ھەیە. لەم ژمارەیەش دوو ملیۆن و 900 ھەزار و 865 دەنگدەر کارتی دەنگدانیان دەرھێناوە و دەتوانن دەنگ بدەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە