'هەندێک بەشی رێگەی هامڵتۆن بۆ هاتووچۆ گونجاو نییە'؛ سۆران چاوەڕوانی قۆناخێکی نوێیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
درێژیی رێگەی هامڵتۆن لە هەولێرەوە تاوەکو حاجی ئۆمەران 180 کیلۆمەترە
درێژیی رێگەی هامڵتۆن لە هەولێرەوە تاوەکو حاجی ئۆمەران 180 کیلۆمەترە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڕێگەی هامڵتۆن قەرەباڵخ و جەنجاڵە، لە یەک خولەکدا لە کیلۆمەترێکی دیاریکراوی رێگەکە، زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل دێن و دەچن، ئەمە لە کاتێکی ئاسایی و رۆژێکی ئاساییدا، بەڵام لە رۆژانی پشوو ژمارەکە بۆ دووهێندە زیاتر دەبێت. 
 
رێگە هامڵتۆن، شاڕێگەی بەستنەوەی هەولێرە بە تاران و مێژووی دروستکردنی نزیک دەبێتەوە لە سەدەیەک. شارەزایەکی رێگەوبان دوای توێژینەوە و بەدواداچوون گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە؛ هەندێک بەشی رێگەکە، بۆ هاتووچۆ گونجاو نییە. 
 
ئیبراهیم ئەحمەد، شارەزای بواری رێگەوبان، کە سێ توێژینەوەی لەسەر رێگەکە کردووە، دەڵێ "ئێستا ئەو رێگەیە بەتایبەت گەلی عەلی بەگ بۆ ئەو رێژەیەی دانیشتووان و ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل لە سنووری سۆران گونجاو نییە."
 
هەروەها دەڵێ "جووتسایدی سپیلک تاوەکو راددەیەکی باش کێشەکەی چارەسەر کردووە، بەڵام کە دەگەیتە گەلی عەلی بەگ، نەخێر. دوو ساڵی ئاییندە ئەگەر رێگەی گەلی عەلی بەگ بە جووتساید نەکرێت و فراوان نەکرێت، گرفتێکی زۆر گەورە لە هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەبێت." 
 
درێژیی رێگەی هامڵتۆن لە هەولێرەوە تاوەکو حاجی ئۆمەران 180 کیلۆمەترە؛ 85 کیلۆمەتری دووسایدە و 86 کیلۆمەتریشی یەک ساییدە، ئێستاش لە 9کیلۆمەتری کار دەکرێت بۆ بەدووسایدکردنی. 
 
ئەو بەشەی زۆرترین جەنجاڵی و قەرەباڵخیی لەسەر دروست دەبێت، 86 کیلۆمەتری رێگەکەیە کە لە خەلیفانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە حاجی ئۆمەران. 
هەر ئەو قەرەباڵخی و تەسکیی رێگەکەشە کە بووەتە هۆکاری زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ.
 
موحسین تەحسین، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە رووداوی گوت "ئەو رێگەیە بەرگەی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە ناگرێت، هاتن و چوونی گەشتیاری و دەروازە سنوورییەکان هۆکارن بۆ قەرەباڵخی و جەنجاڵیی سەر ریگەکان، بەهۆی ئەوەی رێگەکانیش یەک سایدن، زۆرترین رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەکانی دەرەوەی شار روویانداوە."
 
هاوشێوەی ئەو شاڕێگەیە، پێنج رێگەی لاوەکیش کە سەنتەری سۆران بە سیدەکان، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز دەبەستنەوە، یەک سایدن.
 
لەپاڵ قەرەباڵخیی زۆر، کاریگەرییەکانی باران و بەفر هۆکارێکی دیکەن بۆ خراپبوونی رێگەکانی ئەو سنوورە.
 
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران بە رووداوی گوت، "ئەو رێگایانەی خراپن، بەشێکیان کاری چاککردنەوەیان تێدا ئەنجام دەدرێت و بەشێکیشیان گونجاون بۆ ئێستا، بەڵام بەگشتی رەوشی رێگەوبان لەو سنوورە گەیشتووەتە دۆخێکی خراپ. لەماوەی سێ ساڵی رابردوو و بە بوونی سنوورەکە بە ئیدارەی سەربەخۆ، کاری زۆر باش کراوە، بەڵام قەبارەی تێکچوونی رێگەکان ئەوەندە زۆرە، کە کاری چاککردنەوەکە بە رێگەکانەوە دیارنابێت." 
 
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئیدارەی سۆران زۆرترین کاری لە رێگە و شەقامە نێوخۆییەکانی سۆران کرد. بۆ داهاتووش دەیانەویت چاککردن و فراوانکردنی رێگەکانی دەرەوەی شار، بکەنە کاری لەپێشینەیان. 
 
هەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت "دەڤەری سۆران و، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوچەیەکی ستراتیژیی بازرگانی و گەشتیارییە و، ناوچەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵیشە، دەبێت ئەو رێگەوبانە ستراتیژییانە هەبن بۆ ئەوەی سۆران ببەسترێتەوە بە هەولێر و، سوود لەو کەرتانە وەربگیرێت."
 
هەڵگورد شێخ نەجیب هەروەها دەڵێ "بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت؛ بڕیارماندا ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، جووتسایدی چۆمان حاجی ئۆمەران بە درێژیی 28 کیلۆمەتر، چۆمان بۆ سۆران، بەهەمان شێوە رێگەکانی سۆران - سیدەکان و سۆران - میرگەسۆریش کارمان لەسەریان کردووە، لە چەند ساڵی داهاتوودا بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە، هەموو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەچێتە قۆناخێکی دیکە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆی سۆران، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 1670 رووداوی هاتووچۆ لە رێگەکانی سنوورەکە روویانداوە، لەو رووداوانە 227 هاونیشتیمانی گیانیان لەدەستداوە و 2418 هاونیشتیمانیش بریندار بوون، زۆرترینی ئەو رووداوانەش لە رێگە یەکساید و تەسکەکانی دەرەوەی سەنتەری شاری سۆران روویانداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە