وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان: رێگەی 285 گوندمان قیرتاو کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەو کابینەیەی حکومەتدا رێگەی زیاتر لە 285 گوند قیرتاو کراون. گوتیشی، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی ئەو گوندانەی رێگەکانیان قیرتاو دەکرێت، بۆ 300 گوند بەرز دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2024 بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناخەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی برایمئاوا، تەنگیسەر، کونەکۆتر، مێوڵێ و گوربازی سنووری قەزای قەرەداخ دانرا.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دانا عەبدولکەریم رایگەیاند، تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە ملیارێک و 130 ملیۆن دینارە و کۆمپانیای جێبەجێکار هەر ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتیش، "ساڵانی رابردوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دواکەوتن، بەڵام من بەڵێن [بەگوندەکانی قەرەداخ] دەدەم، بۆ پلانی وەزاریی ساڵی 2025، قەزای قەرەداخ بەشێکی شایستەی خۆی بۆ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە قەزاکە بکرێت."
 
 
دانا عەبدولکەریم گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گوندەکان بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، "پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بەندە بە پێشکەوتنی ئاستی ئابووریی وڵاتەکە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشکەوتنی ئابووریش، گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵە، کە ئەو کەرتەش بەبێ بوونی گوندەکان بە هیچ شێوەیەک گەشە ناکات."
 
بە گوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە شەش ساڵی رابردوودا، رێگەی زیاتر لە 285 گوند قیرتاو کراون، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەکە دەگاتە 300 گوند.
 
دانا عەبدولکەریم رایگەیاند، جگە لەو پێنج گوندەی ئەمڕۆ بەردی بناخەی پڕۆژەی رێگەکانیان داندرا، بەگشتی رێگەی 10 گوندی سنووری قەرەداخ قیرتاوکراون و تاوەکو کۆتایی ساڵیش ژمارەیان بۆ 20 گوند بەرزدەبێتەوە کە سەرجەمیان زیاتر لە پێنج ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە.
 
قەزای قەرەداخ لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە و لە دوو ناحیەی قەرەداخ و سێوسێنان پێکهاتووە و بەگشتی نزیکەی 87 گوندی بەسەرەوەیە.