لە بۆکان دەست بەسەر 10 تۆن داری قاچاخدا گیرا

13-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانگەی سامانە سرووشتییەکانی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە سنووری ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر 10 تۆن داری قاچاخدا گیراوە.
 
رۆژی هەینی، 13ی تشرینی یەکەمی 2023، ئیسماعیل عەبدوڵڵاوەند، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سامانە سرووشتییەکانی بۆکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەو دارانە لە جۆری دارە بین و بەبێ مۆڵەت و بە نایاسایی بڕدراون و لە کۆگەیەکی گەورە دانرابوون و قاچاخچییەکان ویستوویانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بۆکانەوە بیگوازنەوە شارێکی دەوروبەر.
 
ئیسماعیل عەبدوڵڵاوەند گوتی، خاوەنی کۆگەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دوای کردنەوەی پەراوی لێکۆڵینەوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەستەڵاتی داد کراوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی سامانە سرووشتییەکانی بۆکان ئەوەشی خستەڕوو، بڕین و گواستنەوەی دارەکان پێویستی بە مۆڵەتی فەرمی لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان هەیە و جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی بە نایاسایی دارەکان دەبڕن و بە قاچاخی دەیانگوازنەوە بەپێی یاسا سزا دەدرێن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2023ش  لەسەر رێگەی بۆکان - سەقز، دەست بەسەر زیاتر لە 8 تۆن داری قاچاخدا گیرا.
 
بە گوتەی ئیسماعیل عەبدوڵڵاوەند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا دەست بەسەر زیاتر لە 60 تۆن داری قاچاخدا گیراوە.
 
لە بۆکان بە رووبەرێکی کەم دارستان هەیە کە کەمترە لە 300 هێکتار و دەکەوێتە گوندەکانی زەران دۆڵ، موسا و ساردە کوێستان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە