دوای کشانەوەی یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی دەبێتە خاوەنی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان

13-10-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریدا رۆژی 06-11-2022 پەرلەمانتارەکانی دەستلەکاربکێشنەوە. بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کە لەگەڵ یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی رابردوودا لیستێکی هاوبەشیان هەبوو، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکاركێشاوەکانی یەکگرتوو پڕ بکاتەوە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و بزاڤی چاکسازی و گەشە بە لیستێکی هاوبەش بە ناوی (بەرەو ئیسڵاح) بەشداریانکرد و پێنج کورسیی پەرلەمانیان بردەوە، بەڵام هەر پێنج کورسییەکە بەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەوت.
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان راگەیاند و گوتی: "وەرگرتنی هەڵوێست لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی 'نایاسایی' تاوتوێكراوە و ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا كە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو دوای 6-11-2022 كە تێیدا ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو دەبێت، لە پەرلەمانی كوردستان بكشێنەوە."
 
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە 13-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسا، هەر پەرلەمانتارێک دەستلەکاربکێشێتەوە، لە فراکسیۆن یان لیستەکەی خۆی، بەهێزترین بەربژێری دەرنەچوو، شوێنەکەی پڕ دەکاتەوە؛ بەو پێیەی یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزاڤی چاکسازی و گەشە یەک لیست بوون، بزووتنەوە و بزاڤی چاکسازیی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان پڕ دەکەنەوە".
 
هەندرێن محەممەد گوتی: "ئەگەر فراکسیۆنێک دەستی لەکارکێشایەوە و هاوپەیمانێتی نەکردبوو بۆ هەڵبژاردن، دەنگەکانی بەسەر لیستە بەشداربووەکاندا دابەشدەکرێت و کام بەربژێر بە کەمترین دەنگ دەرچوو، دەبێتە پەرلەمانتار".
 
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی یەکگرتووی ئیسلامی کە بڕیارە دەستلەکار بکێشنەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەوبارەوە کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی پشتگیریی ئەوە دەکەن کە بچینە پەرلەمان، بەڵام ئەو بڕیارە بە راپرسی دەدرێت.
 
ئەو بەربژێرانەی کە بەپێی یاسا دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە:
 
عەبدوڵڵا وەرتی، 3040 دەنگی بەدەستهێنابوو
کامیل مەحموود، 1169 دەنگی بەدەستهێنابوو
لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، 1109 دەنگی بەدەستهێنابوو
نەسرین تۆفیق، کەمتر لە 500 دەنگی بەدەستهێنابوو
محەممەد بازیانی، (وەکو سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە لیستی بەرەو چاکسازی خۆی بەربژێر کردبوو) 932 دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
دوای دابەشبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دووبەرە، پەرلەمانتارەکان لە کام بەرە دەبن؟
 
دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە؛ بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن؛ هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەین". ئەمەش بزووتنەوەی ئیسلامی دابەشی دوو بەرە کرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو بەربژێرانە کە دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە، چواریان سەر بە عیرفان عەبدولعەزیزن و تەنیا محەممەد بازیانی، سەر بە گرووپە جیابووەوەکەیە کە کامیل حاجی عەلی سەرۆکایەتیی دەکات.
 
محەممەد بازیانی کە ئێستا بووەتە گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (بەسەرپەرشتیی کامیل حاجی عەلی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر دەستیان لەکار کێشایەوە، ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین".
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نێو بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بە رووداو دراوە، لەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، بزاڤی چاکسازی و گەشە وەکو حیزب تۆمار نەکرابوو، بۆیە محەممەد بازیانی لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بەربژێر کردووە.
 
بەپێی یاسای کۆمیسیۆنیش، هیچ کەسێک لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، ناتوانێت شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان پڕ بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رێنوێنییەکانی خوێندنی دیپلۆم، ماستەر و دکتۆرا؛ ئەم کەسانە بە خۆڕایی دەخوێنن

بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، زمانی ئینگلیزی و تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس بۆ پێشکێشکردن مەرج نییە، واتە هەر خوازیارێک تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی لە 50٪ بەسەرەوە بێت مافی پێشکێشکردنی دەبێت، بەڵام بۆ خوێندنی ماستەر، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە 60٪ کەمتر نەبێت و مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان.