سەرچاوەیەک بۆ رووداو: دەستەی تەحریری شام سەنتەری شاری عەفرینی کۆنترۆڵ کرد

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی تەحریر شام کە گرووپێکی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریان و ناوەندی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە سەرچاوەیەکی ناو عەفرینەوە دەستیکەوتووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-10-2022 دەستەی تەحریر شام، ناوەندی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی کۆنترۆڵ کردووە.

كۆنترۆڵکردنی شاری عەفرین لەلایەن دەستەی تەحریر شام، دوای شەڕێکی قورس هات لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا، کە هەردووکیان دوو گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنن و نزیکن لە تورکیا.

لە شەڕی ئەمڕۆی نێوان ئەو دوو گرووپەدا، تۆپێک بەر ماڵی کوردێک کەوت لە گوندی کورزەڵە لە باشووری عەفرین و ژنێکی کورد گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژنە کوردە تەمەنی 77 ساڵ بووە و بە سەختی بریندار بووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.