رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک تاوەکو ئێستا دەیان گەنجی کورد دەستگیرکراون و بەشێکیان ئازادکراون، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و داوای کردووە دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە. پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێت، گەنجەکان ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
بەشێك لەو گەنجانەی دەستگیرکرابوون ئازادکراون، د. محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 36 کەس لە بنکەی پۆلیسی ئازادیی کەرکووک ماون و دوو کەسیش لە بنکەی پۆلیسی رەحیماوا ماون و دەستگیرکراون. واتە 38 کەس لەلای هێزە ئەمنییەکان ماونەتەوە.
گەنجەکان بە ماددەی 240 دەستگیرکراون. د.محەممەد خورشید دەشڵێت، "باری سەربازیی بەسەر کەرکووکدا سەپێنراوە و دەسەڵاتەکان بە مەدەنی نەسپێردراوە، بەداخەوە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دەسەڵات بە سەرباز سپێردراوە."
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، لە هەوڵی جیدیدان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوێنێ و پێرێوە لەسەر هێڵن و سەرکردایەتیی پارتی و وەزیری ناوخۆ و هەموو لایەنەکان لەسەر خەتن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی دەستگیرکراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەد خورشید ئاماژەی بەوەدا، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوون و راگەیێندراویان لەو بارەوە دەبێت.
پۆلیس: ئەو گەنجانەی لە کەرکووک دەستگیرکران ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی بەبۆنەی سەرکەوتنی چەند بەربژێرێکەوە ئاهەنگیان گێڕاوە، رێگرییان کردووە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکیش.
عامر شوانی گوتی، "باشترە لایەنگرانی حیزبەکان ئاهەنگەکان ببەنە شوێنی تایبەت و ئێمەش دەیانپارێزین، ناکرێ بەناوی ئاهەنگەوە رێگە بگرن و هێرشبکەنە سەر خەڵک، چەند لایەنێک دەیانەوێ پشێوی دروستبکەن، تەنانەت هێرشیانکردووەتە سەر ئامبوڵانس و ئۆتۆمبێلی پۆلیس، بۆیە ئەمەش قابیلی قبووڵ نییە".
لەبارەی دەستگیرکراوەکانیشەوە، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی:" ئەمڕۆ هەموویان ئازاد دەکرێن، تەنیا ئەوانەی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە دەدرێنە دادگا".
لەبارەی ئەو هێزانەی کە گەنجەکانی دەستگیرکردووە، کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "لیوای 61 بە ھێزێکی زۆرەوە چوونەتە گەڕەکی شۆڕجە و 35 گەنجی کوردی بێتاوانیان دەستگیر کردووە و لە رەحیماواش 29 کەسیان دەستگیرکردووە و مۆبایلەکانیان پشکنیوە".
کەمال کەرکووکی دەڵێ، "داوا لە گشت بەرپرس، کادر، ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و گشت دانیشتووانی دڵسۆز و کوردە سەربەرزەکانی شاری کەرکووك و گەرمیان بە ھەموو توانایان ئارامی بپارێزن و چاوکراوە بن، نەبادا تێکدەران فیتنەكەیان سەربگرێت و ھەموو لایەك تێدا تووشی زیانبن، هەروەها داوا لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سوپای عێراق و پۆلیسی خۆجێیی کەرکووك دەکەین بە ھێمنی و ئارامی بە ئەرکی خۆیان وەکو پێش ھەڵبژاردنەکان ھەستن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک ئاماژە بەوەش دەکات، بەمشێوەی ئێستا و تێکدانی ئارامی لە هاونیشتمانیانی کوردی شارەکە، رێگەی چارەسەر نییە و بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی زیاتر، "داوا لە پارتییە دڵسۆزەکان و خەڵکی بە شەرەفی شاری کەرکووک دەکەین ھێمنی بپارێزن و دان بەخۆیاندا بگرن و ھاوکار بن بۆ پاراستنی ئارامی".
لیوای 61 هێزێکی تایبەتە کە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و، کشانەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کەرکووک، ئەو هێزە بوونە جێگرەوەی دژە تیرۆر. لیوای 61 سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بارەگای سەرەکییان لە نێو کەرکووکن و هەر چوار دەروازە سەرەکییەکەی کەرکووک لە دەست ئەواندایە
ئاڵۆزییەکانی کەرکووک دوای ئەوە دروستبوو کە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان دەرکەوت کە لایەنە کوردستانییەکان شەش کورسییان لە پارێزگاکە بەدەستهێناوە و لە بەشێک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لایەنگرانی پارتی کۆبوونەوە و دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد.
شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.
وەکو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بۆ رووداو نێردراوە دەردەکەوێت، چەکدارێکی هێزەکە بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک و دەرگەکەیان بەزۆر دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ