لە ئیبراهیم خەلیل دەستبەسەر 50 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

رووداو - دهۆک 

لە دەروازەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین دەستی بەسەردا گیراو، دوو کەسیش دەستگیرکران.

عەقید فەرەج کۆچەر، بەرپرسی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای دهۆک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، دوایین حاڵەتیش لە رۆژی 11-10-2018ـەیە، کە دەستبەسەرداگرتنی 50 کلیۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری (هێرۆین) بووە".

بەرپرسی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆک دەڵێت: "دوو کەس لەسەر رووداوەکە بەناوەکانی (ا،س،ح) و (ح،ن،م) دەستگیرکراون و هەردووکیشیان خەڵکی پارێزگای دهۆکن، ئەوان ویستوویانە ئەو ماددە هۆشبەرانە لەڕێگەی دەروازەکەوە رەوانەی تورکیا بکەن و بینێرنە دەرەوەی وڵات".

بەگوتەی فەرەج کۆچەر، ئەو دوو کەسە لەگەڵ گرووپێکی مافیا کاردەکەن، 50 کیلۆگرامە هێرۆینەکەیان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامێریدا حەشاردابوو، بەڵام دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر دەستی بەسەردا گیرا.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن