هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی کێلێ بۆ کاژێر چواری ئێوارە درێژدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرکی دەروازەی کێلێ رایگەیاند لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکەیان بۆ سێ کاژێری دیکە درێژ دەکرێتەوە و تاوەکو 4:00ـی پاشنیوەڕۆ دەبێت.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرکی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕینی پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی پێیانگەیشتووە، لە سبەی شەممەوە، رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2024 هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە لە هەردوو دیوەوە تاوەکو کاژێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆ درێژدەکرێتەوە.
پێشتر هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە لە کاژێر 8:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 1:00ـی پاشنیوەڕۆ بوو.
بەڕێوەبەری گومرکی دەروازەی کێلێ گوتی: "رۆژانە لەنێوان 500 بۆ 1000 کەس ئەو دەروازەیە بۆ هاتووچۆی گەشتیاری بەکاردەهێنن." گوتیشی: "پێشتر داوامانکردووە هاتووچۆی گەشتیاری تاوەکو کاژیر 6:00ی ئێوارە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بکرێتە 24 کاژێری."
دەروازەی کێلێ، کە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کراوەتەوە، هەرچەندە ئێران ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت ساڵە بڕیاری بەفەرمی ناساندنی دەروازەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە فەرمی بیناسێنێت.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ حەوت دەروازەی نافەرمی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار داوای بە فەرمی ناساندنی کردوون.
دەروازەکانی کێلێ لە سنووری پشدەر؛ سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن، کە نێودەوڵەتی نین.