رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی نارین گوران، کچە تەمەن 8 ساڵانەکەی ئامەدی باکووری کوردستان بەردەوامە. لە نوێترین پێشهاتدا گوتەی یوکسەل گورانی دایکی، عارف گورانی باوکی و ئەنەسی برای لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا بڵاوکرایەوە.
نارین گورانی تەمەن 8 ساڵ رۆژی 21-08-2024 لە گوندی چوولییێ ئامەد بێسەروشوێن بوو، رۆژی 08-09-2024 هەر لە هەمان گوند، تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا دۆزرایەوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی نارین. بەپێی دوایین زانیارییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی پەیوەندیدار بە دۆسیەکە دەستبەسەر کراون گەیشتووەتە 10 کەس.
گوتەی دایک، باوک و برای نارین بڵاوکرایەوە
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی کوشتنی نارین دا، لەلایەن داواکاری گشتیی ئامەدەوە گوتەی یوکسەل گورانی دایکی نارین، عارف گورانی باوکی و ئەنەسی برای وەرگیرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، یوکسەل گوران، دایکی نارین لە گوتەکانیدا رایگەیاندووە، نازانێت ئەو رۆژەی کە نارین بێسەروشوێن بوو، چی لەبەردا بووە، بەڵام دواتر گوتوویەتی، پێڵاوە سوورەکەی لەپێ کردووە.
لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پرسیار لە یوکسەلی دایکی نارین دەکرێت کە "ئەگەر نەتبینیوە نارین لە ماڵ دەرچووبێت، ئەی چۆن دەزانیت پێڵاوی سووری لەپێدا بووە؟" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "نارین دوو جووت پێڵاوی هەبوو، جووتێک پێڵاوی رەش و جووتێکی سوور. بەو پێیەی پێڵاوە رەشەکان لە ماڵەکەدا بوون، زانیم کە پێڵاوە سوورەکانی لە پێدا بووە."
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا چەندین پرسیاری دیکە لە یوکسەلی دایکی نارین کراوە و ئەویش وەڵامی داونەتەوە.
گوتەکانی دایکی نارین
داواکاری گشتی: بۆچی بە هاوژینەکەت نەگوت؟
یوکسەل گوران: لەبەرئەوەی لە ئێلهەوە دەگەڕایەوە، نەمویست لە رێگادا بترسێت.
داواکاری گشتی: هیچ پەیوەندیەکت لەگەڵ سالم گوران هەیە؟
یوکسەل گوران: نەخێر، شتی وا نییە.
داواکاری گشتی: لەبەرئەوەی بە پەیوەندیی تۆ و سالمی زانی، کوشتت؟
یوکسەل گوران: بە هیچ شێوەیەک نارینم نەبینیوە و شتی لەم شێوەیە مەحاڵە.
داواکاری گشتی: نەوزاد بەختیار لە گوتەکانیدا دەڵێت "سالم لە ماڵی نارینەوە بانگی منی کرد و گوتی نەوزاد، من و تۆ کارێکمان هەیە". ئەمەت بیستووە؟
یوکسەل گوران: ئێمە لەبەردەم سپلیت دەنووین و پەنجەرەکان داخراون. رەنگە دەنگ نەهاتبێت.
داواکاری گشتی: دوای بێسەروشوێنبوونی نارین، دەستتان بە شوشتنی مافوورەکانی ماڵتان کرد؟
یوکسەل گوران: من مافوورەکانم نەگۆڕیوە، بەڵام لەبەرئەوەی هاتن و چوون زۆر بوو، مافوورەکانمان زۆر پیس بوون. 5 تاوەکو 6 رۆژ دوای دیارنەمانی نارین مافوورە پاکەکانم راخست. مافوورە کۆنەکان لە ماڵەوەن و نەشۆردراون.
داواکاری گشتی: لە رۆژی رووداوەکەدا بەتانیت داوە بە سالم گوران؟
یوکسەل گوران: بەتانیم نەداوەتە کەس، خەڵکێکی زۆر دەهاتن و دەچوونە ماڵی ئێمە. ئەگەر کەسێکی دیکە پێیدابێت، من ئاگام لێی نییە.
گوتەی ئەنەسی برای نارین
یەکێک لەو کەسانەی بە تۆمەتی کوشتنی نارین دەستگیر کراون، برا تەمەن 18 ساڵانەکەی نارینە.
ئەنەس لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لە گوتەکانیدا سەبارەت بە نەوزاد بەختیار، کە تەرمی نارینی شاردبووەوە، گوتوویەتی، "ئەو بێ زیانە، کەسێکی بێ زیانە. رەنگە بۆ پارە ئەو کارەی کردبێت. رەنگە لە ترسەوە ئەو کارەی کردبێت."
هەروەها دادگە پرسیاری هۆکاری شینبوونی قۆڵ و چاوەکانی لە ئەنەس دەکات و ئەویش دەڵێت، بەهۆی بێسەروشوێنبوونی نارین و لە نیگەرانییەوە قۆڵی خۆی گەستووە، "نازانم چاوم بەهۆی دارەکانی گەنمەشامییەوە وایلێهاتووە یان مستم لێداوە."
گوتەی عارف گورانی باوکی نارین
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی پەیوەندیدار بە دۆسیەی کوشتنی نارینی تەمەن 8 ساڵان دەستگیر کرابوو، عارف گورانی باوکی بوو کە دوای گوتە لێوەرگرتنی لەلایەن دادگەوە ئازاد کرا.
باوکی نارین لە گوتەکانیدا رایگەیاندووە، "ئێمە هەرگیز ئۆتۆمبێلی سالم بەکارناهێنین. من و منداڵەکانم هەرگیز سواری ئەم ئۆتۆمبێلە نەبووین."
لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پرسیار لە عارف گورانی باوکی نارین کراوە، "ئایا گۆمان دەکەیت لەلایەن هاوژینەکەتەوە ناپاکیت لێکرابێت؟" رەنگە لە نێوان ئەو و سالمدا شتێک هەبێت؟ ئەویش بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: "بە هیچ شێوەیەک ناکرێت لە نێوانیاندا شتێک هەبووبێت. من بۆیە ئەمە دەڵێم، لەبەر ئەوەی بڕوام بە هاوژینەکەم هەیە، نەک بە سالم. برام بێت یان هاوژینم، گرنگ نییە. من دەمەوێت تاوانباران سزا بدرێن."
لە لایەکی دیکەوە تۆمارێکی دەنگیی سالم گوران ئاشکرا بوو کە رەنگە ئاماژە بە هەندێک بەڵگە لەسەر کوشتنی نارینی تەمەن 8 ساڵان بکات.
هەروەها نەوزاد بەختیار کە تەرمی نارینی فڕێدابووە نێو رووبار و شاردبوویەوە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە زۆر شتدا ناوە.
تۆمارێکی دەنگی ئاشکرابوو؛ "رەمەزان کچەکە مردووە؟"
فەریت دەمیری پەیامنێری تەلەڤیزیۆنی هاڵک رایگەیاند، تۆمارێکی دەنگیی سالم گورانی مامی نارین ئاشکرا بووە کە تێیدا سالم گوران پرسیار لە کرێکارێکی دەکات و لێی دەپرسێت، "کچەکە مردووە؟"
بە گوتەی ئەو میدیاکارە، "9 داواکراو رەوانەی دادگە کراون. لەنێویاندا کرێکاری سالم گوران بەناوی رەمەزان ئاتاسۆی هەیە."
بەپێی زانیارییەکان، سالم گوران و رەمەزان ئاتاسۆی دوای دیارنەمانی نارین، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
تۆماری گفتوگۆکەی نێوان ئەو دوو کەسە ئاشکرا بووە و تێیدا سالم گوران لە رەمەزان ئاتاسۆی کرێکارەکەی دەپرسێت، "رەمەزان کچەکە مردووە؟"
بە گوتەی فەریت دەمیر، لە ناوەرۆکی تۆمارەکەوە دوو شت بەدیار دەکەون؛ یەکەم، نارین بە زیندوویی رادەستی رەمەزان ئاتاسۆی کراوە. دووەم، نەوزاد بەختیار و رەمەزان ئاتاسۆی پێکەوەن.
بە بڕیاری دادگە 10 کەس خراونەتەوە زیندانەوە
دایکی نارین یوکسەل گوران (تەمەن 44 ساڵ)، براکەی ئەنەس گوران (تەمەن 18 ساڵ)، فوئاد گورانی مامی (تەمەن 41 ساڵ)، دوو لە ئامۆزاکانی نارین بە ناوەکانی محەممەد کایا (تەمەن 23 ساڵ) و بیرسەن گوران (تەمەن 19 ساڵ)، ئامۆژنی نارین ماشاڵڵا گوران (تەمەن 46 ساڵ)، هاوژینی پووری نارین شەوکەوت کایا و مەهمەت سەلیم ئاتاسۆی کرێکاری سالم گورانی مامی نارین بە بریاری داواکاری گشتیی ئامەد دەستبەسەرکراون.
یوکسەل گورانی دایکی و ئەنەس گورانی برای نارین بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست"، فوئات گورانی مامی بە تۆمەتی "نەهێشتنی بەڵگەکان" دەستگیرکران و 5 کەسی دیکەش بەهۆی "هاندانی تۆمەتباران و نەهێشتنی بەڵگەکەن" دەستبەسەرکران و رەوانەی زیندان کران.
تۆمەتبارانی دیکە بە ناوەکانی کورتولوش، ئۆمەر فاروق گوران، مەلیکە گوران و ر.ئا (تەمەنی 15 ساڵە، کرێکاری سالم گورانە) بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی پەیوەندیدار بە دۆسیەی کوشتنی نارین گورانی تەمەن 8 ساڵ گیراون، گەیشتە 10 کەس.
دانپێدانانەکانی نەوزاد بەختیار
بەگوێرەی دوایین دانپێدانی نەوزاد بەختیار، ئەو کەسەی ویستوویەتی تەرمی نارین لەنێو ببات و بیشارێتەوە، سالم گوران (مامی نارین) پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ دوو لە براژنەکانی، یوکسەل گوران (دایکی نارین) و ماشاڵڵا گوران (ئامۆژنی نارین) هەبووە.
ماشاڵڵا گوران تەمەنی 40 ساڵە و هاوژینەکەی تەمەنی 70 ساڵە. نەوزاد بەختیار دەڵێت، تەواوی گوندەکە بە بوونی پەیوەندییەکە دەزانن، بەڵام هیچ کەسێک ئامادە نییە لای پۆلیس باسی ئەمە بکات.
نەوزاد بەختیار دەڵێت: "سالم تەرمی نارینی زۆر بە شپرزەیی و کتوپڕییەوە بۆ هێنام. ئەو نەعلی لەپێدا بوو کە ئەمە پێشانی دەدات، نارین دوای بینینی سالم و یەکێک لەو ژنانە لە پەیوەندیی سێکسیدا، راستەوخۆ و بەر لەوەی بگاتەوە ماڵەوە، کوژراوە. من نارینم نەکوشتووە، بەڵام ترسی زۆرم لەوە هەبوو کە جەندرمە دەستگیرم بکەن. من تەرمەکەم لە سالم وەرگرت و فڕێمدایە نێو رووبارەکە."
نەوزاد بەختیار هەروەها گوتوویەتی: "نارین، سالم گوران و یەکێک لەو ژنانە لەکاتی ژوان بە شێوازێکی ناڕێک دەبینێت و بەو پەیوەندییە دەزانێت. نارین لەلایەن دایکی یان ئامۆژنییەوە کوژراوە."
لەکاتی دانپێدانانیدا نەوزاد بەختیار ئاماژەی بەوە کردووە، بەرامبەر ناشتن و بێسەروشوێنکردنی تەرمی نارین، سالم گوران بڕی 200 هەزار لیرەی پێداوە کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار و 800 دۆلار.
نەوزاد بەختیار دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، لەلایەن یەکەمین دادگەی ئێشکگری سوڵحی ئامەدەوە زیندانی کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ