جاسم کەلاری: بە کوردی قسە و رەفتار دەکەین و دەنووسرێتەوە، ئیدی چۆن بە کوردی لێمان تێناگەن

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەکانی مەلا جاسم کەلاری لەبارەی زمانی کوردییەوە کاردانەوەی دروستکردووە و بووەتە رۆژەڤ، بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە تائێستا رژدە لەسەر قسەکانی و پێداگرە "لەسەر زمانی کوردی سکاڵا لای خودا بکات."
 
جاسم کەلاری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە لە کەلار لەبارەی کاردانەوەی دوای ئەو گوتەیەی بە رووداوی گوت: " کۆمەڵێک هەیە بە ئێمە دەڵێن، بە عەرەبی قسەدەکەین، من لە ناو گۆڕدا وەڵامی فریشتەکان بە کوردی دەدەمەوە ئەگەر لێم تێنەگەن، لای خودا ساکاڵایان لێدەکەم دەڵێم بۆچی منت بەکوردی دروست کردووە، ئەوان لە من تێناگەن. مرۆڤ ئەگەر 90 ساڵ تەمەن بکات هەرچی دەیکات، ئەو فریشتەیەی کە لەسەر شانییەتی دەینووسێتەوە، چۆن لەنێو گۆڕ دا لێت تێناگەن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی گەرمیان پشتیوانی لە قسەکانی ئەو پێشنوێژ و وتارخوێنەی کەلار دەکات. سەباح محەممەد، بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان رایگەیاند: "زمانەکان ئایەتێکن لە ئایەتەکانی خوای گەورە، زمانی کوردی بەهەمان شێوە جیاوازی نییە وەک زمانی عەرەبی، ئەو کێشەیەی مامۆستا جاسم ئاماژەی پێکردووە، زمانی عەرەبی زمانی قورئانە گومانی تێدانییە، جیاوازی هەیە لەنێوان زمانی قورعان و لەوەی قورئان بە عەرەبی نووسراوە."
 
کاردانەوە و روونکردنەوەکانی دوای قسەکانی مەلا جاسم، زۆرینەی هاونیشتمانییانی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی "خودا لەگەڵ هەرکەس بە زمانی خۆی دەدوێت."
 
فوئاد ئەحمەد، دووکاندارە و دەڵێت: "من ئێستا عەرەبی نازانم چۆن بە عەرەبی قسەبکەم؟ بۆ نموونە کەسێکی ئەورووپی، عەرەبی نازانێت چۆن بەعەرەبی قسەبکات؟"
 
محەممەد مەحموود، هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی:  "بەدڵنیاییەوە بە کوردی وەڵامی فریشتەکان بە کوردی دەدەمەوە، خوای گەورە بە زمانی جیاواز بە رەنگی جیاواز دروستی کردووین، من بە کوردی دروستکراوم، بە کوردیش وەڵامدەدەمەوە، هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە لە بەهەشت بە کوردی یان عەرەبی یان هەندی قسە دەکەین."
 
شکار حوسێن، هاونیشتمانییە و لەبارەی قسەکانی وتارخوێنەکەی کەلار دەڵێت: "مامۆستا جاسم کەسێکی شارەزاو کەسێکی بەنێوبانگە لە شاری کەلار و هەمووکەس دەیناسێت، دڵنیابە کە قسەیەکی وادەکات لە خۆیەوە قسەناکات، دڵنیابە بە زانیاری و بە شارەزاییەوە ئەو قسەیە دەکات، من پشتگیریی قسەکانی دەکەم شتێکی گوتووە پێویست ناکات کەسێک لە فەیسبووک بابەتەکە بوروژێنێت، قسەکانی زۆر زۆر لەجێی خۆیەتی قسەکانی هەمووی بەڵگەی قورئانیە."
 
کاردانەوەکانی دوای قسەکەی مامۆستا جاسم لەکاتێکدایە بەشێکی هاونیشتمانییان پێیانوایە "لەبەر ئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبییە، زمانی ئەو دوونیاش عەرەبییە."