سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر لە رووداوێکی هاتووچۆدا بە سەختی بریندار بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر لە پارێزگای ئیزمیر-ی تورکیا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و بە سەختی بریندار بووە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئەیلوول عەزیز ئێلئالدی، سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر، لە پارێزگای ئیزمیر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.
 
دەستەی بەڕێوەبردنی یانەی ئامەد سپۆر لە تۆڕی ئێکس پەیامێکیان بڵاوکردەوە و هەواڵی رووداوی هاتووچۆکە و برینداربوونی سەرۆکی یانەکەیان پشتڕاست کردەوە.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە، "عەزیز ئێلئالدی سەرۆکمان، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ئیزمیر تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە، دەستبەجێ گواسترایەوە نەخۆشخانەی بایراکلی. دوای پشکنین و چارەسەری سەرەتایی دەرکەوت لە چەند شوێنێکی جەستەیدا شکان هەبووە و ئێستاش لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکەدا خەوێندراوە."
 
دەستەی بەڕێوەبردنی یانەی ئامەد سپۆر، هەوادارانی یانەکەی دڵنیا کردەوە کە سەرباری ئەوەی سەرۆکی یانەکەیان لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، بەڵام پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە ژیانی لە مەترسیدا نییە.