گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەڵدەگیرێت

13-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە رایگەیاند، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە کاری پێویست بۆ هەڵگرتنی گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکرێت؛ ئەنجوومەنی وەزیرانیش داوای بەخشینی رسوماتی ئۆتۆمۆبیلی كاره‌بایی و هایبرید و تابلۆی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە.
 
دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە رایگەیاند، "سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ نووسراوی ژماره‌ (12015) له‌ 5ی ئەیلوولی 2024 داوای له ‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان کردووە، كاری پێویست بۆ هه‌ڵگرتنی ر‌سوماتی گومرگی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی بکرێت."
 
دەستەکە کارەکە بە "هەوڵێک له‌ چوارچێوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی بره‌ودان به‌ رێكاره‌كانی پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان" ناودەبات.
 
عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەنگاوێکی باشە، بەتایبەت کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبێت کە بە سووتەمەنیی نەریتی کار دەکەن، چونکە ژینگە پیس دەکەن، بەڵام دەبێت هاوشێوەی بەنزینخانەکان ژمارەی ئەو شوێنانەی ئۆتۆمبێلیان لێ بارگاوی دەکرێت، زیاد بکرێن."
 
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی ژینگە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید (سیستمی تێکەڵی سووتەمەنی و کارەبا) لە 1000 ئۆتۆمبێل نزیک دەبێتەوە.
 
ده‌سته‌ی ژینگه‌ به ‌نووسراوی ژماره‌ 202 لە 29ی ئەیلوولی ساڵی 2023 داوایکردبوو گومرگ لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە رێژەی 100% هەڵبگیرێت، هاوکات داوای ئەوەشی کردبوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بە خۆڕایی تابلۆ بداتە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە. سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش به ‌نووسراوی ژماره‌ (12288) له‌ 11ی ئەیلوولی 2024، نووسراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە