لە ئامەد داوا لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دەکرێت ئەو خانووانە چۆڵ بکەن کە بۆیان دروستکراوە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی هێنێ سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 15 رۆژ مۆڵەت دراوەتە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، تاوەکو ئەو خانووانە چۆڵ بکەن کە پێشتر بۆیان دروستکراوە و تێیدا دەژین. ئەوان دەڵێن، هەڕەشەی بڕینی کارەبا و ئاویان لێکراوە.
 
6ی ئەیلوولی 1975 بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەد روویدا، کە گوڕەکەی 6.6 پلە بوو بە پێوەری رێختەر؛ بەهۆیەوە 2385 کەس گیانیان لەدەستدا و 8149 باڵەخانە زیانیان بەرکەوت.
 
لەو کاتەدا لە شارۆچکەی هێنێ، کە یەکێک بوو لەو شارۆچکانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی بەرکەوت، خانووی ئامادەکراو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دانرا؛ دواتر لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خانووی دیکە لە تەنیشت ئەو خانووە ئامادەکراوانەدا دروستکران.
 
بەهۆی ئەو زیانانەی کە لەدوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی پار ساڵ بە خانووەکان کەوت، زۆر لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە چوونەوە نێو خانووە کۆنەکانیان.
 
مەولانا کورکچو، قایمقامی شارۆچکەی هێنێ رۆژی 2ی ئەیلوول کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە کردووە و داوای لێکردوون ئەو خانووانە چۆڵ بکەن، گوایە پێشبینیی روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە چەولیگ دەکەن، 15 رۆژیش مۆڵەتی پێداون بۆ چۆڵکردنی خانووەکان.
 
کورکچو هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر خانووەکان چۆڵ نەکرێن، کارەبا و ئاویان لەسەر دەبڕدرێت.
 
قایمقامیەتی شارۆچکەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، "بەڕێوەبەری شارۆچکەکەمان بەڕێز مەولانا کورکچو کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییانمان کرد سەبارەت بە پرۆسەی رووخاندنی خانووە زیانلێکەوتووەکان."
 
زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، کە هیچ شوێنێکیان نییە رووی لێبکەن، لە 6ی ئەیلوولدا داواکارییان پێشکێش بە لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کردووە و داوای "یارمەتیی یاسایی"یان کردووە.
 
پۆلیس لە 9ی ئەیلوولدا چووەتە بەر دەرگای ماڵەکان و ماوەی چوار رۆژی پێداون تاوەکو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. پۆلیس خێزانەکانی ئاگادار کردەوە، ئەگەر خانووەکان چۆڵ نەکرێن، دوای پچڕانی کارەبا و ئاو دەست بە رووخاندنیان دەکەن.
 
بڕیارە رۆژی شەممە 14ی ئەیلوول زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بچنە قایمقامیەتی شارۆچکەی هێنێ و داوا بکەن قایقامیەت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە