پەروەردە لیستی وانەبێژان بۆ بەگرێبەستکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، شەوی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان وردبینیی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژ تەواوکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ دامەزراندنیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
عەلی رەئووف، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی پەروەردە وردبینیی لە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ و زانیارییەکانیان تەواوکرد، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 16ـی ئەیلوول، لیستەکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ دامەزراندنیان".
روونیشیکردەوە: "پێشتر لیستەکە لەلایەن پەروەردەکانەوە ئامادەکرابوو، لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە وردبینیی تێداکرد، دواتر لیژنەکانی تایبەتمەندی پەروەردەکان بانگهێشتی وەزارەت کران و وردبینی کۆتایی کرا و ئێستا لیستەکە تەواو بووە".
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست و بڕیارە تاوەکو 25ـی ئەم مانگە رێکارەکانی بەگرێبەستبوونەکە کۆتایی بێت.
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 38 هەزارە، ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.