رووداو دیجیتاڵ
تۆمارێکی دەنگیی سالم گوران (مامی نارین) بڵاوبووەوە کە لە کرێکارەکەی بە ناوی رەمەزان ئەتاسۆی دەپرسێت: "رەمەزان کچەکە مردووە؟"
نارین گوران رۆژی 21ی ئابی ئەم ساڵ لە گوندی چولێی ئامەد بێسەروشوێن بوو، رۆژی 8ی ئەیلوول تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا لە نێو رووباری گوندەکە دۆزرایەوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی نارین، بەپێی دوایین زانیارییەکان، تائێستا 10 کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کچە خراونەتە زیندانەوە.
یوکسەل گوران، تەمەن 44 ساڵ، دایکی نارین؛ براکەی ئەنەس گوران تەمەن 18 ساڵ؛ فوئاد گوران، تەمەن 41 ساڵ کە مامی نارینە؛ دوو لە ئامۆزاکانی نارین بە ناوەکانی محەممەد کایا، 23 ساڵ و بیرسەن گوران، 19 ساڵ؛ ئامۆژنی نارین ماشەڵڵا گوران، 46 ساڵ؛ هاوژینی پووری نارین شەوکەوت کایا و محەممەد سەلیم ئاتاسۆی، کرێکاری سالم گورانی مامی نارین بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئامەد دەستبەسەرکراون.
یوکسەل گورانی دایکی و ئەنەس گورانی برای نارین بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست"، فوئاد گورانی مامی بە تۆمەتی "نەهێشتنی بەڵگەکان" دەستگیرکراون و 5 کەسی دیکەش بەهۆی "هاندانی تۆمەتباران و نەهێشتنی بەڵگەکان" دەستبەسەرکران و رەوانەی زیندان کران.
تۆمەتبارانی دیکە بە ناوەکانی کورتولوش، ئۆمەر فاروق گوران، مەلیکە گوران و رەمەزان ئەتاسۆیی تەمەنی 15 ساڵ، کە کرێکاری سالم گورانە بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
تۆمارێکی دەنگیی سالم گورانی مامی نارین ئاشکرابووە کە تێدا سالم گوران پرسیار لە کرێکارێکی دەکات و لێی دەپرسێت: "کچەکە مردووە؟"
بەپێی زانیارییەکان، سالم گوران و رەمەزان ئاتاسۆی دوای دیارنەمانی نارین بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. گومان دەکرێت نارین بە زیندوویی رادەستی رەمەزان ئاتاسۆی کرابێت، بەڵام رەمەزان لەلایەن دادگەوە بە مەرجی دادی ئازاد کراوە.
لە دادپزیشکیی ئامەد پشکنین بۆ تەرمی نارینی تەمەن 8 ساڵان کراوە، دەرکەوتووە تەرمی نارین بۆ ماوەی 15 رۆژ لەناو ئاوەکەدا ماوەتەوە و ئەژنۆی شکێنراوە.
رۆژی 27-8-2024 یوکسەل گوران، دایکی نارین لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "خۆزگە دەمانزانی کێیە، یەخەیم دەگرت، بەڵام گومانم لە هیچ کەسێک نییە. نارین کچێکی ژیرە و ئەگەر کەسێک ناسیاو نەبێت، ناچێتە نێو ئۆتۆمبێلی هیچ کەسێک."
یوکسەل گوران هەروەها لە بەرنامەکەدا رووی دەمی لەو کەسە کرد کە کچەکەی رفاندووە و داوایکرد نارین بگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی دوایین دانپێدانی نەوزاد بەختیار، ئەو کەسەی ویستوویەتی تەرمی نارین لەنێو ببات و بیشارێتەوە، سالم گوران (مامی نارین) پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ دوو لە براژنەکانی، یوکسەل گوران (دایکی نارین) و ماشاڵڵا گوران (ئامۆژنی نارین) هەبووە.
ماشاڵڵا گوران تەمەنی 40 ساڵە و هاوژینەکەی تەمەنی 70 ساڵە. نەوزاد بەختیار دەڵێت، تەواوی گوندەکە بە بوونی پەیوەندییەکە دەزانن، بەڵام هیچ کەسێک ئامادە نییە لای پۆلیس باسی ئەمە بکات.
نەوزاد بەختیار دەڵێت: "سالم تەرمی نارینی زۆر بە شپرزەیی و کتوپڕییەوە بۆ هێنام. ئەو نەعلی لەپێدا بوو کە ئەمە پێشانی دەدات، نارین دوای بینینی سالم و یەکێک لەو ژنانە لە پەیوەندیی سێکسیدا، راستەوخۆ و بەر لەوەی بگاتەوە ماڵەوە، کوژراوە. من نارینم نەکوشتووە، بەڵام ترسی زۆرم لەوە هەبوو کە جەندرمە دەستگیرم بکەن. من تەرمەکەم لە سالم وەرگرت و فڕێمدایە نێو رووبارەکە."
نەوزاد بەختیار هەروەها گوتوویەتی: "نارین، سالم گوران و یەکێک لەو ژنانە لەکاتی ژوان بە شێوازێکی ناڕێک دەبینێت و بەو پەیوەندییە دەزانێت. نارین لەلایەن دایکی یان ئامۆژنییەوە کوژراوە.
لەکاتی دانپێدانانیدا نەوزاد بەختیار ئاماژەی بەوە کردووە، بەرامبەر ناشتن و بێسەروشوێنکردنی تەرمی نارین، سالم گوران بڕی 200 هەزار لیرەی پێداوە کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار و 800 دۆلار.
نەوزاد بەختیار دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، لەلایەن یەکەمین دادگەی ئێشکگری سوڵحی ئامەدەوە زیندانی کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ